كلاسیكۆ ئه‌ڵمانیا.. بایرن میونشن له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌حمه‌تدا رووبه‌ڕووی بۆرووسیا دۆرتمۆند ده‌بێته‌وه‌

09-11-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بۆرووسیا دۆرتمۆند بایرن میونشن
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

یانه‌ی بایرن میونشن، له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌حمه‌ت ئه‌نجام ده‌دات، كاتێك له‌ یاری كلاسیكۆی بۆندسلیگادا میوانداری بۆرووسیا دۆرتمۆند ده‌كات.

ئه‌مشه‌و كاژێر 20:30 به‌ كاتی باشووری كوردستان، له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئه‌لیانز ئه‌رێنا یاری كلاسیكۆی ئه‌ڵمانیا له‌ میانی گه‌ڕی 11ی بۆندسلیگادا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ تێیدا یانه‌ی باڤاری دوای رۆیشتنی راهێنه‌ره‌كه‌ی نیكۆ كۆڤاچ یه‌كه‌م یاری خۆی له‌ بۆندسلیگادا له‌گه‌ڵ زه‌حمه‌تترین ركابه‌ری ئه‌نجام ده‌دات.

هه‌رچه‌نده‌ بایرن له‌ یه‌كه‌م یاری خۆی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هانزی فلیكی راهێنه‌ری كاتیدا سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی له‌ چامپیۆنزلیگدا به‌ده‌ستهێنا، كاتێك به‌ 2 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ ئۆڵیمپیاكۆسی یۆنانی برده‌وه‌، به‌ڵام له‌ بۆندسلیگادا پێویسته‌ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی كار و كۆششێكی زۆر زیاتر بكه‌ن بۆ بردنه‌وه‌ له‌ یانه‌یه‌كی وه‌ك بۆرووسیا دۆرتمۆند، كه‌ ئێستا له‌ هه‌موو رووییه‌كه‌وه‌ له‌ بارودۆخێكی باشتردایه‌ له‌ بایرن، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌ چامپیۆنزلیگدا ریمۆنتادایه‌كی جوانی به‌سه‌ر یانه‌یه‌كی به‌هێزی وه‌ك ئینته‌رمیلانی ئیتالیدا كرد و 3 ـ 2 لێیبرده‌وه‌.

یانه‌ی بۆرووسیا دۆرتمۆندیش كه‌ ته‌نیا 3 خاڵی كه‌متره‌ له‌ بۆرووسیا مۆنشنگلادباخی پێشه‌نگی ریزبه‌ند، ده‌یه‌وێ ئه‌م بارودۆخه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بقۆزێته‌وه‌و به‌ قوڵتركردنی برینه‌كانی بایرن بارودۆخی خۆی باشتر بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و یانه‌یه‌ش له‌ دوایین 5 یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی بۆندسلیگادا ته‌نیا 2 یاری بردووه‌ته‌وه‌و له‌ 3 یاریشدا یه‌كسانبووه‌، به‌ڵام بایرن میونشن له‌ دوایین 5 یارییدا 2 جار دۆڕاوه‌ و جارێكیش یه‌كسانبووه‌ له‌گه‌ڵ 2 بردنه‌وه‌.

یانه‌ی ره‌ش و زه‌رده‌كه‌ ده‌یه‌وێ كێشه‌كانی هێڵی به‌رگری یانه‌ی باڤاری بقۆزێته‌وه‌، كه‌ به‌بێ 3 به‌رگریكاری سه‌ره‌كی یاری ده‌كات، چونكه‌ نیكلاس سۆل و لوكاس هێرناندێز به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاری ناكه‌ن و بواتینگیش له‌ یاری پێشوودا به‌ كارتی سوور ده‌ركراوه‌.

هه‌میشه‌ یارییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ گۆڵی زۆری تێدا ده‌كرێت، كه‌ له‌ دوایین 5 یاری نێوانیان له‌ بۆندسلیگادا 25 گۆڵ تۆماركراون، دوایینیشیان دۆڕانی بۆرووسیا دۆرتمۆند بوو به‌ 5 گۆڵ، كه‌ رۆبه‌رت لیڤاندۆڤسكی 2 گۆڵی له‌و یارییه‌دا تۆماركرد، بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌مجاره‌ش گۆڵی زۆر له‌ تۆڕی یه‌كدی بكه‌ن.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی بۆندسلیگا:

هێرتا به‌رلین ـ لایپزیگ 17:30
شاڵكێ ـ فورتونا دوسێلدۆرف 17:30
ماینز ـ یونیۆن به‌رلین 17:30
پادێربۆرن ـ ئۆگسبۆرگ 17:30
بایرن میونشن ـ بۆرووسیا دۆرتمۆند 20:30

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە