مێسی دێتە نێو کێشەی مالکۆم و ڤالڤێردی


رووداو - هەولێر

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی بارسێلۆنا دێتە نێو کێشەی مالکۆم و ئۆلیڤێرا و ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری یانەکەی کە ماوەیەکی زۆرە یاریزانەکە لە هیچ یارییەکدا بەشێوەی سەرەکی پشتی پێنابەسترێت.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی رایگەیاندووە، مێسی لەگەڵ ڤالڤێردی قسەیکردووە و پرسیاری ئەوەیکردووە کە چ کێشەیەکی لەگەڵ مالکۆم هەیە.

رۆژنامەکە دەڵێت، ڤالڤێردی مێسیی لەوە پشتڕاستکردووەتەوە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە نییە، لە یاریی بەرامبەر ئینتەرمیلانیش بەشداریی بە یاریزانەکە کردووە و گۆڵیشی تۆمارکرد، هەروەها دەشڵێت، هەموو یاریزانەکانی بارسا بەیەک چاو سەیردەکات.

پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، ڤالڤێردی لە گرێبەستی مالکۆم رازی نییە، ئەوەش راهێنەرەکەی هانداوە بۆ ئەوەی بەشداری بە یاریزانەکە نەکات لە یارییەکاندا.