پاڵەوانی ئەورووپا بێ مووچە راهێنەرایەتی دەکات

09-10-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لویس دی لا فوێنتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
لویس دی لا فوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا چوار مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و لەو بارەیەوە هاتە دەنگ
 
دی لا فوێنتی، ئەو راهێنەرەی چەندین نازناوی جیاوازی لەسەر ئاستی هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئیسپانیا بەدەستهێناوە، ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 19 ساڵی ئیسپانیا یۆرۆی ساڵی 2015ـی بردەوە، دواتر لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵی ئەو وڵاتە، جامی ئەوروپای ساڵی 2020ی بەدەستهێنا.
 
لە دوای دوورخستنەوەی لویس ئینریکێ، دی لا فوێنتێ ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا گرتە ئەستۆ توانی دووبارە ئەو هەڵبژاردەیە بگەڕێنێتەوە سەکۆی نازناوەکان و خولی نەتەوەکانی 2022/2023ی بەدەستهێنا.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر لای ئیسپانییەکان ئەوەیە کە دی لا فوێنتێ سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد بۆ نازناوێکی مێژوویی و توانی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە جامی ئەورووپا بەدەستبهێنێت و دووبارە جامی یۆرۆ بگەڕێنێتەوە ئیسپانیا.
 
ئەو راهێنەرە سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، لە نێوان راهێنەرانی هەڵبژاردە گەورەکاندا کەمترین مووچە وەردەگرێت، دی لا فوێنتێ مووچەی ساڵانەی 1.25 ملیۆن یۆرۆیە.
 
دی لا فوێنتێ لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت "ئاسایی نییە پاڵەوانی ئەورووپا گرێبەستی نەبێت، نازانم ئەگەر لویس ئینریکێ لە شوێنی من بووایە هەمان کاری دەکرد یان نا، نازانم ئەگەر لە مێژوودا هەبووبێت راهێنەرێک یۆرۆی بردبێتەوە و گرێبەستی نەبێت، گرێبەستەکەم تاوەکو ئێستا هەمان گرێبەستە کە لە هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵ هەمبوو، دادپەروەری ئەوەیە گرێبەستێکم هەبێت"
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا گرێبەستی راهێنەرەکەی تاوەکو ساڵی 2026 نوێکردەوە، بەڵام لەبەر کێشە نێوخۆییەکانی فیدراسیۆنەکە، ئەو کارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و راهێنەرەکە لە مانگی 6ـەوە مووچەی وەرنەگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە