ئێمباپێ دەیەوێت نیگەرانی هاندەران بڕەوێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت بە زووترین بەباشترین ئاستەوە دەربکەوێت و هەموو ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنێتەوە کە لەلایەن هاندەرانی یانەی ریال مەدریدەوە هەیانە.
ئێمباپێ لە سەرەتای وەرزە لە ریال مەدرید ئەو ئاستەی پێشکێش نەکردووە، کە هاندەران لێی چاوەڕوانبوون و یاریزانەکە هێشتا نەبووەتە جێگەی رەزامەندی، بۆیە یاریزانەکە دەیەوێت ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنێتەوە.
رۆژنامەی مارکا "ئێمباپێ بڕیاریداوە لە مەدرید بمێنێتەوە و لە کارکردن بەردەوامدەبێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بە بەرزترین ئاستەوە دەربکەوێت."
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێمباپێ هەست بەوە دەکات کە ئەوەی لە ریال مەدرید دەیکات ئاستی ئەو نییە، بۆیە بڕیاریداوە لە ریال مەدرید بمێنێتەوە و لەژێر سەرپەرشتی ئەنتۆنیۆ پینتۆس لە مەشقکردن بەردەوامبێت.
کیلیان لە ماوەی بەڕێوەچوونی یاریی هەڵبژاردەکان، یەکەیەکی مەشقی بچووک بۆ خۆی رێکدەخات بۆ ئەوەی توانای جەستەیی بەرزبکاتەوە و لە رووی هزریشەوە زۆرباشتر بگەڕێتەوە.
ئێمباپێ بۆ دوو یاریی داهاتووی فەرەنسا دوورخراوەتەوە، بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە یاریی ریال مەدرید و ڤیاریال، ناڕەزایەتیی دیدێ دیشام و هاندەرانی فەرەنسای لێکەوتەوە، لەکاتێکدا راهێنەری فەرەنسا گوتبووی "بۆیە یاریزانەکەی بانگهێشت نەکردووە بۆ ئەوەی پشوو وەربگرێت و بەتەواوی لە پێکان چاک ببێتەوە."
کیلیان ئێمباپێ لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و یانە پاڵەوانێتییەکاندا 11 یاریی بۆ ریال مەدرید ئەنجامداوە، 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 1 ئاسیستی هەیە.