کێ دەتوانێت کۆشکەکەی رۆناڵدۆ بکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەشوێن کڕیارێکدا دەگەڕێت بۆ کۆشکەکەی لە ناوچەی چیچایەری ئینگلتەرا.
سەرچاوەکان دەڵێن رۆناڵدۆ دوو ساڵە کۆشکەکەی خستووەتە روو بۆ فرۆشتن، بەڵام لەبەرئەوەی کڕیاری نەبووە بڕیاریداوە داشکاندن لە نرخەکەیدا بکات.
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی دەڵێ، رۆناڵدۆ ناچاربووە نرخی کۆشکەکەی کە لە مانگی دووی 2023دا بە 5.5 ملیۆن پاوەند خستبووە روو، داشکاندووە و کردوویەتی بە تەنیا پێنج ملیۆن پاوەند.
کۆشکەکە لەسەر رووبەری 23 دۆنمە، حەوت ژووری نووستن، مەلەوانگەی داخراو و یاریگەی تێنس لە خۆ دەگرێت.
بەپێی میدیای ئینگلتەرا، کۆشکەکە چەندین تایبەتمەندی دیکەی تێدایە وەک ژووری سینەما، فرۆشگە، هۆڵی وەرزش، هۆڵی یارییە جیاوازەکان، ساونا، جاکوزی و یاریگەی پادڵ.
رۆناڵدۆ کاتێک لە مانگی هەشتی 2021 گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد، پاش بەجێهێشتنی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، لە کۆشکەکە نیشتەجێبوو تاوەکە ئەو کاتەی جارێکی دیکە یانە ئینگلیزییەکەی بەجێهێشت.
رۆناڵدۆ جیا لەو کۆشکە، چەندین کۆشک و خانووی دیکەی لە مانچێستەر هەیە.