ریال مەدرید ئامادەکاری بۆ باڵۆن دۆر دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن باڵۆن دۆر ریال مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا رایگەیاند، یانەی ریال مەدرید دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێکی تایبەت، کە بۆ یەکێک لە ئەستێرەکانی رێکدەخات کە خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 بەدەستدەهێنێت.
 
چەندین ئەستێرەی ریال مەدرید رکابەری لەسەر خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەن، وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام، جگە لە دانی کارڤاخال و تۆنی کرووس.
 
بەگوێرەی تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی، ریال مەدرید دڵنیایە لەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بەدرێژایی وەرزی رابردوو ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکرد و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس بەشێوەیەکی نافەرمی ئاگادار کراوەتەوە لە بردنەوەی خەڵاتەکە لەم ساڵدا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەو هەواڵە لە ڤاڵدیبیباس بەشێوەیەکی بەرفراوان ئاهەنگیان گێڕاوە، بەتایبەتی کە خەڵاتەکەیان بەباشی بەرز نرخاندووە وەک سەرکەوتنێک بۆ بەهاکانی ریال مەدرید.
 
بەدرێژایی وەرزی رابردوو، ڤینیسیۆس 39 یاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 24 گۆڵی تۆمارکردووە و 11 ئەسیستیشی هەیە.
 
لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا گۆڵی تۆمارکرد و بەدرێژایی وەرزەکە یاریزانێکی سەرەکی بوو، پێشەنگی یاریزانانی ئەنچیلۆتی بووە لە قۆناخە سەختەکانی خولەکەدا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان لە ڤاڵدیبیباس دەستیانپێکردووە سەبارەت بە دانانی میکانیزمی پێویست بە گەشتی یاریزانەکە بۆ پاریس بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، هەروەها ئەو گرووپەی کە لە یانەی ریال مەدریدەوە یاوەری دەبن.
 
باڵۆن دۆر گرنگترین خەڵاتی تاکەکەسییە لە جیهانی تۆپی پێدا، بەجۆرێک ئەو یاریزانەی کاتێک ناوی وەک براوەی باڵۆن دۆر دەخوێنرێتەوە، خۆشترین ساتەوەختە لە تەواوی ژیانی پیشەیی خۆیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە