بۆ رێگرتن لە سیخوڕەکان، مانچێستەر یونایتد دیوارێک لە یاریگەی مەشقەکانیدا دروستدەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هەنگاوێکی نوێی بۆ رێگرتن لە سیخوڕیکردن بەسەر مەشقەکانییەوە گرتووەتە بەر.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، یانەکە دیوارێکی تایبەتی بۆ شاردنەوەی مەشقەکانی تیپەکەی دروستکردووە، تاوەکو نهێنی پلانەکانی راهێنەرەکەی ئاشکرا نەبێت.
 
یانەکان لە کاتی مەشقکردن و پلانی تاکتیکیدا، رووبەڕووی سیخوڕیکردن لەلایەن یانەکانی دیکەوە دەبنەوە. مانچێستەر یونایتد دەیەوێت رێگە لەو کارە بگرێت.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، یانەکە دیوارێکی سپی گەورەی لەچواردەوەری کارینگتۆن، یاریگەی مەشقەکانی دروستکردووە، لەپێناو شاردنەوەی مەشقەکانی یانەکە لە چاوی سیخوڕانی یانەکانی دیکە، کە ئێریک تێن هاگی راهێنەر سەرپەرشتییان دەکات.
 
دروستکردنی دیوارەکە کاتێک دەستیپێکردووە کە کۆمپانیای بەرپرس لە بەڕێوەبردنی یانەکە، لەسەر داوای تێن هاگ، دیزاینی دیوارەکەی کردوووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، پێشتر لویس ڤان گالی راهێنەری پێشووی یانەکە هەمان داوای لە کارگێڕیی تیپەکە کردبوو.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەوەیە کە تێچووی دروستکردنی دیوارەکە 200 هەزار پاوەندە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ تووڕەبوونی فەرمانبەرانی یانەکە، بەتایبەت کە پێشتر کارگێڕیی یانەکە هەڵمەتی سکهەڵگوشینی پەیڕەوکردبوو و خەرجییەکی زۆری لە یانەکەدا کەمکردبووەوە و زیاتر لە 250 فەرمانبەریشی لە پۆستەکانیان لابردبوو.
 
دیوارەکە، بووەتە هۆکاری دروستکردنی کێشە لە نێو فەرمانبەرانی یانەکە و کار گەیشتووەتە هەڕەشکردنی هەندێک لە کارمەندان لە کارگێڕیی یانەکە و ئەوەش سێر جیم راتکلیفی دووچاری شۆککردووە.
 
مانچێستەر یونایتد لە رووی ئەنجامەوە دۆخی باش نییە و لە حەوت یاریی پرێمەرلیگی ئەم وەرزەدا، تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. هەر ئەوەش وایکردووە هاندەرانی یانەکە لە تێن هاگی راهێنەر نیگەران بن، لە کاتێکدا کارگێڕیی یانەکە، لە کۆبوونەوەیەکی درێژەی شەش کاژێریدا، دوێنێ بڕیاریدا متمانە بە تێن هاگ بداتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکەی.