رووداو زانیاری نوێ لەبارەی گۆڕانکارییەکانی یانەی هەولێر ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق، دەستەیەکی شەش کەسی بۆ بەڕێوەبردنی یانەک هەولێر دەستنیشانکرد و سێ لە ئەندامانی ئێستای یانەکە دوورخرانەوە، رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی دروستکرد و ناڕەزایەتیی لێکەوتووە.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو،  نوسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و پارێزگاری هەولێر لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی کێشەکە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و کارگێڕیی ئێستای یانەکە لەسەر کارەکانی بەردەوامبێت.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە لیستی نوێی کارگێڕیی نوێی یانەکە بڵاودەکرێتەوە، لەنێو یانەکەدا گەشبینییەکی زۆر هەیە، کە کارگێڕیی ئێستای یانەکە بە هەمان هەیکەلی پێشووی، واتە ئەو ئەندامانەی ناویان لە یانەکەدا هەبوو بەردەوامبێت.
 
سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "ئەم هەنگاوەی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق بەتەنیا لە دژی یانەی هەولێر نییە، بەڵکو دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و دوورخستنەوەی ئەو سێ کەسەش لەلایەن لیژنەکەوە هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە کە سێ کەسی چالاکن لە بەڕێوەبردنی یانەکەدا و دەیانەوێت بەربەست بخەنە بەردەم کارەکانیان."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق نووسراوێکی بڵاوکردەوە، ناوی شەش کەسی تێدایە کە بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر راسپێردراون، بەڵام ناوی هەریەکە لە سیروان تەها، جێماو کاڕەش و سروود غازی لە لیستەکەدا دەرهێنراوە و ئەمەش کاردانەوەی لەلایەن هاندەران و شەقامی وەرزشی کوردستان لێکەوتەوە.
 
لەبارەی ئەم نووسراوەوە، بەشێکی هاندەرانی یانەی هەولێر چوونە بەردەم بارەگای یانەکە و لە رێگەی رووداوەوە داوادەکەن، یان هەموو کارگێڕیی ئێستای یانەکە بگۆڕدرێت یانیش پێویستە ئەو سێ کەسەش لەسەرە کارەکانیان بەردەوامبن.
 
هەولێر لە رووی کارگێڕی و ئەنجامەوە لەسەر ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و لە سێ گەڕی رابردوودا بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک 7 خاڵی کۆکردووەتەوە و رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.