ڤیدیۆ؛ بەرازیل ئەرکی زەحمەتە و ئێدێرسۆن گرنگترین شت ئاشکرا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مەشقەکانی بەرازیل
مەشقەکانی بەرازیل
نیشانەکردن مەشقەکانی بەرازیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر چیلی و پیرۆ بەردەوامە و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی سەرکەوتنەکان.
 
سامبا لە ساوپاوڵۆ درێژەی دایە مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی و یاریزانەکانی دەیانەوێت جارێکی دیکە بردنەوە تۆماربکەن بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشووردا نەچنە دواوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوایین یارییدا بەرامبەر پاراگوای دۆڕاوە، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی کردە سەر تیپەکە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلایەن هاندەرانیش دروستکرد.
 
ئەرکی بەرازیل لە یارییەکەدا ئاسان نابێت، بەهۆی ئەوەی هەریەکە لە ئەلیسۆن بیکەر، ڤینیسیۆس جونیۆر و ئێدێر میلیتاو بەهۆی پێکانەوە ناتوانن یاری بکەن.
 
ئەمڕۆ بەرازیل بەرەو چیلی بەڕێدەکەوێت و بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 03:00 دەبێتە میوانی ئەو هەڵبژاردەیە.
 
ئێدێرسۆن، گۆڵپارێزی بەرازیل، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "راستە ئێمە لە دۆخێکی باشدا نین، بەڵام چیلیش بەهەمان شێوە لە باشترین کاتەکانیدا نییە، هەردوو تیپەکە هەوڵدەدەن یاری داهاتوویان ببەنەوە، بەڵام پێویستە ئێمە زیاتر پێشکێشبکەین، پێویستە بە جیددیەتییەکی زیاتر کار بکەین، هەوڵبدەین بگەڕێینەوە پێگەی ئاسایی خۆمان لە لووتکەی ریزبەندەکەدا."
 
گۆڵپارێزەکە گرنگترین شت بۆ ئێستای تیپەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پێموایە گرنگترین شت ئێستا ئەوەیە ببەینەوە، چونکە بردنەوەکان متمانەمان زیاتر دەکات، بۆیە بۆ ئێستا گرنگترین شت ئەوەیە جارێکی دیکە ببەینەوە، زۆربەباشی کاردەکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکەمان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە