ئەو یاریزانەی کارڤاخالی تووشی پێکان کرد هاندەرانی ریال مەدرید زیاتر دەترسێنێت

رووداو هەولێر 

 

یێرمی پینۆ، ئەو یاریزانەی بووە هۆکاری پێکانە قورسەکەی دانی کارڤاخالی یاریزانی یانەی ریال مەدرید، بە لێدوانێکی نوێ دڵی هاندەرانی یانەی شاهانە دەترسێنێت، سەبارەت بە پێکانەکەی کاپتنی مێرینگێ.
 
یێرمی پینۆ، ئەستێرەی یانەی ڤیاریال، باسی لە وردەکارییەکانی ئەو پێکانە کرد کە تووشی دانی کارڤاخال بووە و دڵتەنگی و نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی کە هەفتەی رابردوو لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانە  لە خولی ئیسپانیا روویاندا.
 
لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا بەریەککەوتنێکی بەهێز لەنێوان پینۆ و کارڤاخال روویدا و هەردووکیان کەوتنە سەر زەوی، بەڵام یاریزانەکەی ریال مەدرید بەهۆی سەختی پێکانەکەیەوە هاواری دەکرد، و بە دەستەبەرەوە بردیانە دەرەوە.
 
کارڤاخال تووشی پچڕانی بەستەری پێشەوەی ئەژنۆی، و پچڕانی بەستەری رووی دەرەوەی ئەژنۆ بوو، جگە لە دڕانی ریشاڵی ماسوولکەیی لە قاچی راستیدا، کە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
 
یێرمی پینۆ، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەی ElDesmarque، قسەیەک لەبارەی ساتی پێکانەکەی کارڤاخال دەکات، کە بەهۆیەوە دڵی هاندەرانی ریال مەدرید دەترسێنێت، چونکە دەردەخات کە پێکانەکەی دانی چەند قورسە و لەوانەیە ماوەیەکی زۆری پێویست بێت بۆ چاکبوونەوە و تەنانەت ئەگەرێک بۆ ئەوە هەیە کە نەتوانێت جارێکی دیکە یاری بکاتەوە.
 
پینۆ گوتی "کاتێک بەریەککەوتنەکە لەنێوانمان روویدا گوێم لە تەقەتەقی ئێسکەکانی کارڤاخال بوو".
 
ئەو زیاتر گوتی "دیمەنەکە ئاڵۆز بوو، هەوڵمدا تۆپەکە لێی دووربخەمەوە، پێموانییە تەنانەت قاچیشم بەر تۆپەکە کەوتبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کارڤاخال پێی درێژکردەوە و لەگەڵ مندا بەریەککەوت، ئەوە رێکەوتە، بەڵام جێگەی داخە بەهۆی ئەو ساتە زەحمەتەی پێیدا تێپەڕی و راددەی گرنگییەکەی بۆ ئێمە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بۆ مەدرید، کە نمونەیەکی بەرزە لە تۆپی پێی ئیسپانیا. من دەزانم چ ئازارێکی چەشتووە، چونکە منیش بەدەست ئەو پێکانەوە ناڵاندوومە".
 
هێرشبەرەکەی ڤیاریال لە مانگی 11ـی2023، لە کاتی مەشقەکاندا، تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی چەپی بوو.
 
یاریزانەکەی ڤیاریال سەرکەوتوو بوو لە چاکبوونەوە لە پێکان و گەڕانەوە بۆ ئاستی خۆی، بۆیە لویس دی لا فوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بانگهێشتی کردەوە.
 
پینۆ روونیکردەوە "کاتێک کەوتم، لێدانێکم بەرکەوت و هەستم بە ئازار دەکرد، بەڵام کاتێک گوێم لەو دەنگە بوو، زانیم شتێکی خراپ روویداوە".
 
لەم وەرزەدا کارڤاخال لە 11 یاریدا لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری کردووە، تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە، کە بەرامبەر ئیسپانیۆل بوو، ئەسیستێکیشی هەیە.
 
ریال مەدرید بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ پلەی دووەمی خولی ئیسپانیای گرتووە، بە جیاوازی 3 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ، ڤیاریالیش بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.