فەرمی.. سعودیە داوای مۆندیالی 2034 دەکات

09-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیال سعودیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، داواکاریی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کرد.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا کە لە ئێکس بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "داواکاریی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـمان نارد."
 
یاسر بن حەسەن مسحل، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە دەڵێت "هەفتەی رابردوو ویستی سعودیەمان ئاشکراکرد بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034، ئەم نووسراوە نوێنەرایەتیی هەوڵەکانمان دەکات بۆ گۆڕینی خەونی میوانداریکردنی مۆندیال بۆ لۆژیک."
 
مسحل کە ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانیشە گوتی "ئێستا بیرکردنەوەی سعودیە لای پێشکێشکردنی دۆسێیەکی تەواوە کە تێیدا تواناکانی سعودیە پێشاندەدات بۆ رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە و پێشوازیکردن لە هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی هەموو جیهان."
 
دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە ویستی خۆی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 پێشاندا، زیاتر لە 70 فیدراسیۆن لەسەر ئاستی کیشوەرە جیاوازەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سعودیە دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی کار بۆ رێکخستنی مۆندیال بکات.
 
سعودیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین پاڵەوانێتیی جیاوازی لەسەر ئاستی جیهان لە یارییە جیاوازەکاندا بەڕێوەبردووە، لەنێویاندا جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئیتاڵیا، پاڵەوانێتیی ئەسپسواریی جیهان، پاڵەوانێتیی گۆڵف و مۆندیالی یانەکانیش لە کۆتایی ئەم ساڵ هەر لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە