4 خانمە ناوبژیوان یارییەکی پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەڕێوەدەبەن

09-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کاترینا مۆنزۆل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تیمێک لە ناوبژیوانانی ئافرەت یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەندۆرا و ئینگلتەرا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەڕێوەدەبات.
 
ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی ئەندۆرا لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی نۆیەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر میوانداری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات.
 
کاترینا مۆنزۆلی خانمە ناوبژیوانی ئۆکراینی، کە تەمەنی 40 ساڵە و پێشتر یاریی نەمسا و دوورگەکانی ڤارۆی بەڕێوەبردووە، سەرکردایەتی تیمی ناوبژیوانانی ئەو یارییە دەکات، ئەو ناوبژیوانی ناوەڕاستە و هەردوو خانمە ناوبژیوانە هاونیشتیمانییەکەی، مارینا ستریلتسکا و سڤيتلانا گرۆشكۆ وەک یاریدەدەری ناوبژیوان یارمەتی دەدەن.
 
ئەرکی بەڕێوەبردنی ژووری ڤاریش بە ستیڤانی فراباری خانمە ناوبژیوانی فەرەنسی دراوە، کە ئەمە جاری یەکەمە یارییەکی هەڵبژاردەی پیاوانی ئینگلتەرا بە سەرپەرشتی تیمێکی تەواوی ناوبژیوانانی ئافرەت بەڕێوەبچێت.
 
لەم یارییەدا سوود لە توانای دوو ناوبژیوانی پیاویش وەردەگیرێت، کە بریتین لە هەریەک لە دینیس شۆرمانی ئۆکراینی وەک ناوبژیوانی چوارەم و هاونیشتیمانییەکەی ڤیکتۆر ماتیاش وەک یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤار.
 
کاترینا مۆنزۆل، پێشتر یاریی نەمسا و دوورگەکانی ڤارۆی لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا بەڕێوەبردووە، کە ئەمجارە دەبێتە یەکەمجار لە مێژوودا تیمێکی تەواوی ناوبژیوانانی ئافرەت یارییەکی نێودەوڵەتی پیاوان بەڕێوەببات.
 
کاترینا ساڵی 2016 مێژووی تۆمارکرد، کاتێک بووە یەکەم ناوبژیوانی خانم لە مێژووی ئۆکراینادا یارییەکی نێودەوڵەتی پیاوان بەڕێوەببات.
 
میدیای بەریتانیا بەر لەو یارییە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت کابینەی تایبەت بە پەخشی تەلەڤزیۆنیی یاریگەی نێودەوڵەتیی ئەندۆرا، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی یاریگەکە گڕی گرتووە و دووکەڵێکی رەشی زۆری لێدەردەچێت، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئەندۆرا، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند کە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کاریگەری بەسەر یارییەکەوە نابێت و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە