عەلا عەبدولزەهرە لە نێوان زاخۆ و شورتەدا

09-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عەلا عەبدولزەهرە یانەی شورتە یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا یانەی زاخۆ دەیەوێت گرێبەستێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە گواستنەوەی ئەمساڵدا واژۆبکات، بەڵام یانەی شورتە دەیەوێت بەربەست بخاتە بەردەم ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی عەلا عەبدولزەهرە، هێرشبەر و کاپتنی یانەی شورتە بە یانەی زاخۆوە بەستراوەتەوە، دوای گواستنەوەی ئەمجەد عەتوان، زاخۆ دەیەوێت بە گواستنەوەی عەلا هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتربکات، بۆ ئەوەی وەرزی نوێ رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بکات، بەڵام یانەی شورتە نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
سەرچاوەیەک لە یانەی شورتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گفتوگۆکان لەنێوان کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکە بەردەوامن و لە دوو رۆژی رابردوودا قسە لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە کراوە، ئەو بڕە پارەیەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێتەوە هیچ راستییەکی بۆ نییە و ئەوەی یاریزانەکە داوای دەکات مەحاڵ و زەحمەت نییە."
 
بەپێی سەرچاوەکە کارگێڕیی یانەی شورتە هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ ئەوەی گرێبەستی کاپتنەکەی نوێبکاتەوە، یاریزانەکەش ویستی نوێکردنەوەی هەیە و ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا بگەنە رێککەوتن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەممە دوایین کۆبوونەوە لەبارەی ئەو پرسەوە لەنێوان کارگێڕیی یانەی شورتە و عەلا عەبدولزەهرە بکرێت و بڕیاری کۆتایی بدرێت.
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا یانەی زاخۆ لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بەردەوامە و هێشتا بێهیوا نەبووە.
 
تەها عەبدولحەکیم، لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یانەی زاخۆ لەسەر هیچ یاریزانێک ناوەستێت، ئێمە دەستەوارەیەکمان بەپێی بارودۆخی ئابووریی یانەکە پێشکێشی عەلا عەبدولزەهرە کردووە، بێتە یانەی زاخۆ پیرۆزبێت و بچێتە یانەی شورتەش هەر پیرۆزی بێت."
 
تەها عەبدولحەکیم زیاتر گوتی "بۆ ئەوەی بۆ هەمووان روون بێت، گرێبەستی ئەمجەد عەتوان، دیاریی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە بۆ یانەکە، ئەو گرێبەستانەی دیکەی لە یانەکەدا کراون، گرێبەستی ئاسایین لە رووی داراییەوە و ئەوەی لە میدیادا لەبارەی یانەی زاخۆوە دەگوترێت راست نییە."
 
یانەی زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری واژۆکردووە، چەند یاریزانێکی گواستووەتەوە کە دیارترینیان ئەمجەد عەتوان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقە بەرامبەر 650 ملیۆن دینار.
 
بڕیارە یانەی زاخۆ بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان بچێتە تورکیا، بەڵام بەپێی قسەی تەها عەبدولحەکیم بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو کەمپەوە نەدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە