ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ لۆچیانۆ سپالێتی ئەنجام دەدات

رووداو دیجیتاڵ

سەردەمێکی نوێ لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ و دەستەیەکی مەشقدەرانی نوێ بەڕووبەڕووبوونەوەی رکابەرێک کە یادەوەریی ناخۆشی خولقاندووە، یەکەم دەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەبێت لەگەڵ لۆچیانۆ سپالێتی، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە.
 
ئیتاڵییەکان لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024دا، رووبەڕووی مەسەدۆنیای باکوور دەبنەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان، ئەوان ئێستا هەڵبژاردەیەکیان هەیە کە بەقۆناخێکی راگوزەر و لێوانلێو لە گۆڕانکاری تێدەپەڕێت و هێشتا هێدمەی گورزەکانی ماوەی رابردوو، بە سەرنەکەوتن بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر و شکست لە پێشکۆتایی نەیشنسلیگی ئەمساڵ بەرینەداوە و لە نێو پاشەکشەی گەورەی خول و ئاستی یاریزانانی ئیتاڵیدا، پێناچێ ئەرکی لۆچیانۆ سپالێتی ئاسان بێت.
 
سپالێتی کە بڕیاریدابوو دوای دەستکەوتە مێژووییەکەی لەگەڵ ناپۆلی لە وەرزی رابردووی سێری ئای، ماوەیەک پشوو بدات، ناچاربوو پاش رۆیشتنی رۆبێرتۆ مانچینی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە، بەدەم بانگەوازی ئازۆرییەوە بچێت بەو ئومێدەی هاوشێوەی هەڵساندنەوەی ناپۆلی، ئیتاڵیاش بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێن و پێگە گەورە مێژووییەی پێشتر هەیبوو.
 
سپالێتی، 64 ساڵ، دوای کەڵەکەکردنی ئەزموونێکی زۆر لە نێو یانە جیاوازەکانی ئیتاڵیا و دەرەوەی ئیتاڵیاش، ئەرکێکی نوێی وەرگرتووە کە خۆی لە هەمووان باشتر دەزانێ ئاسان نییە، چونکە پاشەکشەی بەردەوامی تۆپی پێی ئیتاڵیا و کەمبوونەوەی ئەستێرە ئیتاڵییەکان لە خولەکانی دونیا و خۆڕاستکردنەوە لە شکست، هەموویان ئەرکی ئەو راهێنەرە قورس و قورستر دەکەن.
 
راهێنەرە نوێیەکەی ئیتاڵیا، کە لە یەکەم لیستی بانگهێشتکراوی پێکهاتەکەیدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەکردووە، هەست بەهەستەوەریی کارەکەی دەکات لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا، چونکە هەر ئەنجامێک جگە لە بردنەوە بەرامبەر مەسەدۆنیای باکوور و پاشانیش ئۆکراینا، سەرەتاکەی ئەو دەخاتە ژێر گومانی زۆرەوە و متمانەی هاندەران بەرامبەر هەڵبژاردەکە تاوەکو ئاستی سفر دەبات، چونکە ئیتاڵیا لە دوو یاریی پاڵاوتندا کە ئەنجامی داوە، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە.
 
لۆچیانۆ کە لەرۆژانی یەکەمی کارکردنیدا گورزی دوورکەوتنەوەی هەریەکە لە فیدریکۆ کیێزا و لۆرێنزۆ پیلیگرینی بەرکەوتووە، لەسەرەتای کارکردنی چەند هەفتەی کەمی رابردووی خۆیدا لەگەڵ هەڵبژاردەکە، بەدانانی کاپتنێکی نوێ کە چیرۆ ئیمۆبیلییە بە هەمووانی گوت سەردەمێکی نوێی ئازۆری دەستیپێکردووە. لەدوای ئەویش ئەفسانەیەکی مێژووی ئیتاڵیای کردە یاریدەدەری خۆی کە جیان لویجی بوفۆنە و دەکرێ هاوکاری راهێنەری نوێ بێت، تاوەکو پێکەوە رێگەی راست بۆ ئیتاڵیا لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا بدۆزنەوە.
 
ئەرکی یەکەم و هەرە گرنگ و لەپێشینەی سپالێتی و هەڵبژاردە نوێیەکەی ئیتاڵیا، گەیشتنە بە یۆرۆی داهاتوو. ئەگەر هەڵبژاردەکە ئەو دەستکەوتە دەستەبەر بکات، بەتایبەت کە یارییەکەی ئەمشەوی بەرامبەر هەڵبژاردەیەکە کە هەژدە مانگ لەمەوبەر ئیتاڵیای لە گەیشتن بە مۆندیال بێبەشکرد، ئەوکات هەمووان متمانەی سەردەم و رۆژانێکی نوێی ئیتاڵیای خاوەن چوار نازناوی مۆندیال و براوەی دوایین یۆرۆ، بەتەواوی بەدەستدەهێننەوە و خۆ ئەگەر ئەنجامەکە پێچەوانە بکەوێتەوە، ئەوە گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ سپالێتی کە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، بەبەدیهاتنی خەونی منداڵیی ناودەبات.