ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ بۆ جاری دەیەم گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

 

نۆڤاک جۆکۆڤیچ مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و بۆ جاری دەیەم گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا.
 
ئەفسانە سێربییەکە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر بێن شێلتۆنی لاو یارییکرد، ئەزموون و گەورەیی، توانا و لێهاتوویی جۆکۆڤیچ باڵی بەسەر یاریگەدا کێشا و بەبێ ئەوەی هیچ کۆمەڵەیەک بدۆڕێنێت مژدەی گەیشتنی بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دایە بەلگراد.
 
جۆکۆ دوو کۆمەڵەی یەکەمی بە ئاسانی بە شەش سێ و شەش دوو بردەوە و پێشکەوت، بەڵام کۆمەڵەی سێیەم یارییەکەی ئاڵۆز کرد، بەتایبەت کە نەبوونی بیرکردنەوەی باش و ماندووبوون کاریگەریی لەسەر نۆلێ هەبوو و یارییەکە بەو هۆیەوە چووە تای برێک.
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا جۆکۆڤیچ بەرامبەر هێز و توانای جەستەیی شێلتۆن سەرکەوت و بە حەوت شەش ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و بە دوو کاژێر و 48 خولەک گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و بووە یەکەم یاریزان 10 جار گەیشتبێتە یاریی کۆتایی یۆئێس ئۆپن.
 
جگە لەوەش ئەمساڵ جۆکۆڤیچ گەیشتە یاریی کۆتایی هەموو پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام و سێیەمجارە لە کاروانی یارییکردنیدا ئەوە دەکات و دووەم گەورەترین یاریزانیشە لە تەمەنی 36 ساڵیدا بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
 
یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە بینی، کاتێک کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی دۆڕا.
 
یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە بەهێز و سەرنجڕاکێش بوو، هەردو تێنسزان ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد، بەڵام دانیێل باڵادەستتر بوو و کۆمەڵەی یەکەمی بە حەوت شەش بردەوە و دوای ئەوەش کۆمەڵەی دووەمی بەئاسانی یەکلاکردەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئەلکاراز شەش سێ سەرکەوت و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام ئەوەندە بەس نەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یارییەکە و دانیێل مێدڤێدێڤ لە کۆمەڵەی چوارەمدا شەش سێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە یەکەم تێنسزانی رووسی 5 جار گەیشتبێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام.
 
لە یاریی کۆتاییدا مێدڤێدێڤ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە ساڵی 2021 بەرامبەر جۆکۆڤیچ دووبارە دەکاتەوە و دەیەوێت جارێکی دیکە گەورەیی خۆی پێشانبداتەوە و بۆ هەمووان دووپاتبکاتەوە، کە بردنەوەی نازناوی ئەو ساڵە بە رێککەوت نەبووە.