ڤیدیۆ؛ نەیمار سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ بەرازیل بەدەستهێنا و پێش پێلێ کەوت

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی، هێرشبەری یانەی هیلالی سعودی، ئاهەنگی ساتێکی مێژوویی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بۆلیڤیا گێڕا، کاتێک بەیانیی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و خۆی و هاوڕێکانی 5-1 بردیانەوە.
 
رۆدریگۆ لە خولەکی 26 بەرازیلی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم. ئینجا لە خولەکی دووەمی نیوەی دووەمدا رافینیا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 6 خولەک رۆدریگۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی سامبای تۆمارکرد. نۆرە گەیشتە نەیمار و دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 61 و 90 تۆمارکرد، کە لە سەرەتای یارییەکەدا لێدانێکی سزای لەدەستدابوو. تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی میوانیش لە خولەکی 78 لەلایەن ڤیکتۆر ئەبریگۆوە تۆمارکرا و یارییەکە 5-1 لە بەرژەوەندی بەرازیل تەواوبوو.
 
نەیمار گۆڵی چوارەم و پێنجەمی بەرامبەر بۆلیڤیا تۆمارکرد و ریکۆردی باشترین گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەی بەرازیلی لە پێلێی ئەفسانەی کۆچکردوو وەرگرت.
 
نەیمار پێشتر نازناوی گۆڵکاری هەموو سەردەمەکانی بەرازیلی لەگەڵ پێلێ هاوبەش کردبوو، کە هەریەکەیان خاوەنی 77 گۆڵ بوون، پێش ئەوەی نەیمار دوو گۆڵ بەرامبەر بۆلیڤیا تۆماربکات.
 
نەیمار لە 125 یارییدا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 79 گۆڵ،  کە لە 10ـی ئابی 2010 بە سەرکردایەتی مانۆ مێنێزی راهێنەری پێشووی بەرازیل دەستی بە کاروانی نێودەوڵەتی خۆی کردووە.
 
دوایین گۆڵی نێودەوڵەتی کە نەیمار تۆماری کردبوو، بەرامبەر کرواتیا بوو لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە لە 9ـی کانوونی دووەمدا تۆمارکرا.
 
جگە لەو دەستکەوتە مێژووییە، نەیمار هەوادارانی خۆی دڵنیاکردەوە کە بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبووتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی 7 مانگ بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتبووەوە، کە ناچاری کرد نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
 
دوایین یاریی فەرمی نەیمار لەگەڵ یانەکەی پێشووی، پاریس سانجێرمان بوو کە لە 19ـی شوباتدا بەرامبەر لیۆن لە خولی فەرەنسا ئەنجامیدا.