فرۆکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەناچاری نیشتەوە

09-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فرۆکەی شاندی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تووشی کێشەیەک بوو و بە ناچاری لە ئاندبێری پایتەختی سکۆتلاند نیشتەوە.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی ئایسلەند بە 4-0 لە ریکیافیکی پایتەختی ئایسلەند دەیەویست راستەوخۆ بگەڕێتەوە فرانکفۆرت، بەڵام بەهۆی ئەوەی فرۆکەی هەڵبژاردەکە تووشی چەند کێشەیەک بوو بەناچاری فرۆکەکە لە سکۆتلاند نیشتەوە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە دەڵێت "سەلامەتی لە پێشەوەی هەموو شتێکە، ئەمە ئێمەی ناچارکرد لە ئادنبێر بنیشینەوە، هەموو ئەندامانی هەڵبژاردەکە لە بارودۆخێکی باشدان و پشکینیان بۆ دەکرێت."

فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، فرۆکەیەکی جێگرەوە بەرێگەوەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە لە سکۆتلانداوە بگەڕێنێتەوە ئەڵمانیا.

بەپێی میدیای ئەڵمانیا، هەریەکە لە مانوێل نویەر، سێرج نابری و جۆشوا کیمیخ لە کاتی گەڕانەوەی هەڵبژاردەکە لەگەڵ ئەڵمانیا نەبوون، بەوپێیەی کە ئەوان خۆیان تاک بە تاک بڕیاری گەڕانەوە و پەیوەندیکردنیان بە یانەی بایرن میونشن داوە، هەروەها یاریزانانی پرێمەرلیگیش، تیمۆ ڤێرنەر، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێز، ئیلکای گوندۆگان، بێرند لێنۆ و کای هاڤێرتزیش بە رێگەی دیکە گەڕاونەتەوە بەریتانیا.

گوتەبێژێک بەناوی تیمی فرۆکەوانی ئەڵمانیا رایگەیاند، یەکێک لە ئەندامانی تیمی نێو فرۆکەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا زوو داوای نیشتنەوەی فرۆکەکەی کردووە و داواکارییەکەی جێبەجێکراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە پارێزراو بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە