راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا ئامادەنییە دەستلەکاربکێشێتەوە

09-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی تورکیا شەنۆل گونیش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەنۆل گونیش، راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا، هێشتا سوورە لەسەر مانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی، سەرەڕای ئەو رەخنە زۆرانەی ئاراستەی دەکرێن، دوای دۆڕانی بە هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە ئەنجامی 1 - 6 لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر.

میدیا و چاودێران لە تورکیا بەردەوامن لە گوشار خستنە سەر شەنۆل گونیش و داوای لێدەکەن دەستبەرداری پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی تورکیا ببێت، بەڵام ئەو بەرگری لە خۆی دەکات و سوورە لەسەر مانەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا بۆ گەیاندنی بە مۆندیال.

راهێنەری تورکیا بۆ ئەو شکستە گەورەیە پاساو بەوە دێنێتەوە کە سۆینچۆی یاریزانی بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە کارتی سوور دەرکراوە، بەڵام چاودێرانی تۆپی پێی تورکیا پێیانوایە ئەو راهێنەرە شایەنی ئەوە نییە سەرپەرشتی ئەو نەوە باشەی یاریزانانی تورکیا بکات.

ئەم رەخنانە تەنیا لەبەر ئەو دۆڕانە گەورەیەی تورکیا نین بەرامبەر هۆڵەندا، کە ئێستا 11 خاڵی هەیە و لە دوای هۆڵەندا و نەرویج پلەی سێیەم کۆمەڵەی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی قەتەری گرتووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە یۆرۆی 2020ـی ئەم هاوینەشدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد، دوای ئەوەی هەر سێ یارییەکەی دۆڕاند و 8 گۆڵی لێبوو، یاریزانانی تەنیا گۆڵێکیان کرد.

سەرەڕای ئەوە، شەنۆل گونیش نایەوێت دەستلەکاربکێشێتەوە و سوورە لەسەر بەردەوام بوون لەگەڵ تورکیا و تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە مۆندیالی قەتەر.

ئەو دوای یاری هۆڵەندا، گوتی "تەنیا من بەرپرسم لە تیپەکەم، من بڕیاردەدەم و کێ یاریدەکات و چۆن یاری دەکەین"، بەڵام ئەم لێدوانانەی نەبوونە هۆکاری هێورکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی و بەڵکو تووڕەبوون زیاتربوو، کە زۆر لە رۆژنامەڤانان و چاودێرانی تۆپی پێی تورکیا، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنەیان ئاراستەی گونیش کرد و داواینلێکرد دەستلەکاربکێشێتەوە.

شەنۆل گونیش، لە وەڵامیاندا گوتی "نازانام بۆچی ماوەی ساڵێک رەخنەکان لەبارەی مووچەی منەوە بوون، ئێستاش هێرشێکی دیکەم دەکەنە سەر؟".

مووچەی گونیش لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا 3.2 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە، کە گرێبەستێکی 4 ساڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا هەیە و هێشتا دوو ساڵی ماوە. ئەو یەکێکە لەو راهێنەرانە جیهانیانەی زۆرترین مووچە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتێک وەربگرێت.

گونیش بە ئاوی زێڕ ناوی خۆی لە مێژووی تۆپی پێی تورکیادا نووسیوەتەوە، کە لە مۆندیالی 2002ـی ژاپۆن و کۆریای باشووردا هەڵبژاردەی تورکیای کردە سێیەمی جیهان، ئەو لەگەڵ یانەی بێشکتاشیشدا دوو ساڵ بەسەریەکەوە نازناوی سوپەرلیگی تورکیای لە ساڵانی 2016 و 2017 بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە