گریزمان : 10 رۆژ نەمتوانی بخەوم

09-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئانتوان گریزمان ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئانتوان گریزمان، یاریزانی فەرەنسی یانەی بارسێلۆنا، کە بەشێوەی خواستن گەڕاوەتەوە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دڵخۆشە بە دووبارە لەبەرکردنەوەی درێسی رۆخی بلانکۆس و دەشڵێت "ئاواتی من گەڕانەوە بوو بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید".

گریزمان لە دواخولەکەکانی مێرکاتۆی هاوینەدا، بەشێوەی خواستن چووە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لەگەڵ مافی کڕینەوەی یەکجاری لەلایەن یانەکەی پایتەختەوە، کە بەرپرسانی بارسێلۆنا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناچاربوون دەستبەرداری ببن.

گریزمان لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، بە ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی راگەیاند "من رەزامەند و دڵخۆشم، من 10 رۆژ نەمدەتوانی بخەوم لەبەرئەوەی چاوەڕێی ئەو ساتەوەختەبووم کە بگەڕێمەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام ئێستا دڵخۆش و ئارامم و لەگەڵ خێزانەکەم ئاسوودەم".

ئەو یاریزانە فەرەنسییە، کە پێشتر یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو، گوتی "هەموو کۆششێکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی چاکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بدەمەوە، کە ئەو یانەیە هەوڵێکی زۆری دا بۆ گەڕاندنەوەم، منیش دەمویست بە هەر شێوەیەک بێت بگەڕێمەوە".

گریزمان لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "ئاتلێتیکۆ مەدرید هەمیشە باشترین شوێنە بۆ من، لەوێ هەست بە دڵخۆشیی و ئاسوودەیی دەکەم، لەنێو یاریگەدا بم یان لە دەرەوە".

ئانتوان گریزمان، پێشتر لە ماوەی نێوان 2014 تاوەکو 2019 یاری بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە و لە 257 یارییدا 133 گۆڵی کردووە، بەر لەوەی بە گرێبەستێکی گرانبەها، کە گەیشتە 120 ملیۆن یۆرۆ بچێتە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا.

گریزمان لە ماوەی دوو ساڵدا لەگەڵ بارسێلۆنا نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و چەندینجار رووبەڕووی رەخنەی هاندەران و چاودێرانیش بووەوە، بەڵام ئەو هەمیشە بەوە پاساوی دەنایەوە کە راهێنەر لە شوێنی خۆی یاری پێناکات، بەڵگەشی ئەوە بوو کە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا هەمیشە بە ئاستێکی بەرز و جێگیر دەردەکەوێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە