دی برۆین خەڵاتی باشترین یاریزانی ئینگلتەرای بردەوە

09-09-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیڤن دی برۆین مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتال

دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرا، کیڤن دی برۆینی بە باشترین یاریزانی ساڵ لە وەرزی 2019 - 2020 دەستنیشانکرد.

دی برۆین کە لەگەڵ مانچێستەر سیتی بووە دووەمی پرێمەرلیگ، خۆشحاڵی خۆی بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نیشاندا و گوتی "بێگومان پێپ گواردیۆلا رۆڵی هەبووە لەوەی ئەو خەڵاتە بەدەستبێنم، ئەو دەرفەتی پێداوم کە زۆربەی کاتەکان ئازادبم، ئێمە زۆر قسە دەکەین، بەڵام زۆرجاریش لە رێگەی هەستەکانمەوە لەو تێدەگەم، ئەو دەزانێت کە من بۆ تیپەکەم یاری دەکەم، بۆیە زۆر متمانەی بە منە".

دی برۆین، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە شانازی بەوە دەکات کە یەکەم یاریزانە لە مێژووی مانچێستەر سیتیدا ئەو خەڵاتە بباتەوە و گوتی "شانازییەکی گەورەیە یەکەم یاریزان بم لە مێژووی مانچێستەر سیتیدا ئەو خەڵاتە ببەمەوە".

دی برۆین هەروەها گوتی "هەستێکی زۆر جوانە کاتێک هاوڕێکانت و یاریزانانی ئەو تیپانەی کە رکابەرن و لە دژی تۆ یاری دەکەن دەنگت پێبدەن، پرسەکە هەندێک نامۆیە، چونکە زۆر یاریزانی گەورە لەم یانەیە یارییان کردووە".

ئەستێرەی بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "وابزانم من باش یارییم دەکرد، من هەمیشە هەوڵدەدەم بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، ئاستی من زۆر کەم هەڵبەز و دابەزی تێدایە، وابزانم ئەو شتە بەشێوەیەکی تایبەت لەسەرەتای کاروانی یاریزاندا روودەدات، بەڵام من بە گەورەبوونی تەمەنیش هەوڵمداوە ئەو ئاستەم بپارێزم، دەزانم کە پێویستە چی بکەم و چی نەکەم، وابزانم من بەباشی یارمەتی تیپەکەم دەدەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە