ناڕەزایەتییەکان لە ئۆڵیمپیاد بەردەوامن و مەلەوانێک کشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رەخنە و ناڕەزایەتیی یاریزانە بەشدارەکان لە ئۆڵیمپیادی پاریس بەردەوامن، دوو یاریزان لە رکابەرییەکانی مەلەوانیی 10 کیلۆمەتری کشانەوە.
 
رکابەرییەکانی یاریی مەلەوانی لەسەر ئاستی پیاوان ئەمڕۆ لە رووباری سێن لە پاریس ئەنجامدرا و مەوداکەی 10 کیلۆمەتر بوو، بەڵام هەریەکە لە ڤیکتۆر یۆهانسنی سوێدی و ئەحمەد جەوادی تونسی بەشدارییان لە رکابەرییەکەدا نەکرد.
 
میدیای سوێد دەڵێت "بەهۆی ترسی تووشبوون بە نەخۆشی لە رووباری سێندا، یۆهانسن بڕیارییدا بەشداری لە رکابەرییەکانی ئەو یارییەدا نەکات."
 
مەلەوانە سوێدییەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لە رکابەرییەکانی یارییە سیانییەکاندا سێ مەلەوان بەهۆی خراپی ئاوی رووبارەکەوە تووشی نەخۆشی بوون، بەڵام کەسیان نەهاتوون قسە بکەن و ناوی خۆیان بهێنن."
 
ڤیکتۆر زیاتر گوتی "هەرچەند ئاستی بەکتریاکان لە رووبارەکەدا کەمبووەتەوە، بەڵام هەستم بە ئارامی نەدەکرد و بڕیارمدا لە رکابەرییەکە بکشێمەوە."
 
پزیشکی لیژنەی ئۆڵیمپی سوێد لەو بارەیەوە گوتی "دوای ئەوەی راوێژی پێکردین بەوپەڕی رێزەوە مامەڵە لەگەڵ بڕیاری یۆهانسن دەکەین بۆ خۆ کشاندنەوە لە رکابەرییەکانی ئەو یارییە."


جگە لە یۆهانسن کە بەشداریی لە رکابەرییەکانی یارییەکەدا نەکرد، بەر لە یارییەکە ئەحمەد جەواد مەلەوانی لاوی تونسی بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە نەیتووانی بەشداری بکات و ئەویش بڕیاری کشانەوەیدا.
 
لە سەرەتای ئۆڵیمپیادەوە بەردەوام رەخنە لە خراپیی ئاوی رووباری سێن دەگیرێت، کە یارییەکانی ترایسلۆن و مەلەوانیی بۆ مەودای درێژ تێیدا بەڕێوەدەچێت، هەر بەهۆی خراپی ئاوەکەشەوە لە سەرەتای ئۆڵیمپیاددا سێ رۆژ لەسەریەک رکابەرییەکانی یاریی ترایسلۆن دواخران.