ئاندرێس ئینێستا بۆچی چووە ئیمارات؟

09-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاندرێس ئینێستا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێس ئینێستا، ئەستێرەی بەنێوبانگی تۆپی پێی ئیسپانیا و پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و ڤیسیل کۆبێی ژاپۆنی، بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ئیماراتی ئیماراتییەوە کرد.
 
یانە ئیماراتییەکە بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانەکەی راگەیاند و درێسی ژمارە 8ـی یانەکەی پێدرا.
 
دوای راگەیاندنی گرێبەستی ئەستێرە ئیسپانییەکە و ناساندنی وەک یاریزانی نوێی ئیمارات، ئاندرێس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لێرە لە ئیمارات یادگاریی زۆرم هەیە، بەتایبەت لە مۆندیالی لاوان لە ساڵی 2003 و بردنەوەی جامی جیهانی یانەکان لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا."
 
ئینێستا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "من بە ئەزموونێکی نوێدا تێدەپەڕم، هەمیشە ئاواتەخوازم باشترین پێشکێشبکەم و بەدرێژایی ژیانی پیشەیی خۆم بەو شێوەیە بووم، ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ یانەی ئیمارات هەمان هەوڵی بۆ دەدەم."
 
ئەستێرە ئیسپانییەکە لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی ئیماراتی ئیماراتییەوە دەڵێت "زۆر گرێبەستی دیکەم هەبوو، بەڵام ئامانجی داهاتووم لێرە دۆزییەوە بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێ لە رەئس ئەلخەیمە."
 
ئینێستا تەمەنی 39 ساڵە، دوای 22 ساڵ یارییکردن لە بارسێلۆنا لە ساڵی 2018 یانەکەی بەرەو ژاپۆن بەجێهێشت و چووە یانەی ڤیسێل کۆبێ، دوای 5 ساڵ مانەوە لە ژاپۆن چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئەستێرە ئیسپانییەکە ئەو یانەیەی بەجێهێشت و کاروانەکەی بردە خولی ئیمارات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە