ڤیدیۆ؛ بۆلیڤار گەیشتە قۆناخی 8ـی جامی لیبرتادۆرێس

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بۆلیڤاری بۆلیڤی، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی جامی لیبرتادۆرێسدا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، لە یانەی ئاتلێتیکۆ پارانێنسێی بەرازیلی بردەوە و بلیتێکی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکان مسۆگەرکرد.
 
یانە بۆلیڤییەکە دوای ئەوەی بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 3-3 لەگەڵ یانە بەرازیلییەکە یەکسانبوو، لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا بە ئەنجامی 5-4 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆیدا کۆتاییپێهێنا. 
 
بۆلیڤار بە دوو گۆڵ پێشکەوت، و توانی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئاتلێتیکۆ پارانێنسێ لە یاریی چووندا 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، هەردوو یانە پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە. 
 
لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا تیاگۆ هێلێنۆی یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ دوایی لێدانی گۆڵنەکرد و بۆلیڤار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بلیتەکەی چارەکی کۆتایی خستە گیرفانی خۆی.