ئاسۆ رۆستەم یارییەکی مێژوویی بەرامبەر رۆناڵدۆ دەکات

09-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاسۆ رۆستەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشبەرێکی دیاری کوردە، گۆڵکارێکی بەتوانایە و بەرامبەر هەر یانەیەک یاریی بکات، رکابەرەکانی بە ترسەوە یاریی بەرامبەر دەکەن و بەرگریکارەکانیش پێویستە بە هۆشیارەوە مامەڵە بکەن، ئەو ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەر و گۆڵکارە کوردەکەی یانەی شورتەی عێراقییە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، کاژێر 18:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یارییەکی مێژوویی، لەبیرنەکراو و گرنگدا، ئاسۆ رۆستەم، سەرکردایەتیی یانەی شورتەی عێراقی دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ، لە رکابەرییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شا سەلماندا.
 
ئاسۆ سەرەتای ئەمساڵ و بەدیاریکراوی رۆژی 2ـی شوبات لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە وەک یەکەم میدیای عێراقی گرێبەستەکەی بۆ یانەی شورتە پشتڕاستکرایەوە و بۆ ساڵێک بەرامبەر 225 ملیۆن دینار وەک یەکێک لە گرانترین یاریزانە کوردەکان پەیوەندیی بە یانەی شورتەوە کرد و لە یەکەم وەرزیدا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بۆ یەکەمجار نازناوی خولی عێراقی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بردەوە و بوونە پاڵەوانی عێراق، کە شورتە دووەم وەرزی بوو لەسەریەک نازناوەکە بباتەوە.
 
ئاسۆ لەم وەرزەدا بە هەڵبەز و دابەزی زۆردا تێپەڕی و زۆربوون ئەوانەی پێیانوابوو یاریزانەکە گەورەکراوە، دەنا ئەو ئاستەی نییە، بەڵام تاوەکو شورتە نەچووە نێو رکابەرییەکانی جامی شا سەلمان، ئاستی راستەقینەی ئاسۆ نەبیرا.
 
لەم پاڵەوانێتییە عەرەبییەدا، یانەی شورتە سوپرایزی پاڵەوانێتییەکەیە، لەکاتێکدا لەنێو 16 یانەی بەشدار لەسەر ئاستی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا، یانەکە هەرزانترین پێکهاتەی هەبوو، بەڵام ئێستا تاکە یانەی دەرەوەی سعودیەیە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا یارییدەکات، ئەوەی رۆڵی گەورەشی لەم دەستکەوتەی یانەکەدا هەبووە ئاسۆکەی کوردانە، بەتایبەت کە لە یاریی قۆناخی هەشتدا دوو گۆڵی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر یانەی سەدی قەتەری تۆمارکرد.
 
ئاسۆ لەم وەرزەدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر کەریم بنزیما و یانەی ئیتیحادی سعودی یارییکرد، رکابەری ئەمجارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و لەگەڵ تیپەکەی دەیانەوێت بە هەموو جیهان بڵێن، ئێمە ئەگەر لەرووی ناوەوە وەک ئەوان ناوبانگمان نەبێت، بەڵام لە رووی تواناوە رکابەرین و دەتوانین سەرکەوتن تۆماربکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە