لێدوانی فەرمی بارسێلۆنا لەبارەی گەڕانەوەی نەیمار بۆ یانەکە

رووداو دیجیتاڵ

 

ماتیۆ ئالێمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە عوسمان دێمبلی روو لە پاریس سانجێرمان دەکات، لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، رەتیشیکردەوە بەنیازبن نەیمار داسیلڤای بەرازیلی بگەڕێننەوە بارسا.
 
بارسێلۆنا لە یاریی دۆستانەی بەرامبەر تۆتێنهام، لە جامی خوان گامبەر، بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دوای یارییەکە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا قسەی بۆ کەناڵی تیڤی 3ـی ئیسپانی کرد.
 
ئەلیمانی لە لێدوانەکانیدا رایگەیاند "لەم یارییەدا کاتێکی زۆر خۆشمان بەسەربرد، هەروەها ئامادەنەبوونی جەماوەر هیچ کێشە نییە، لە دەرەوەی بارسێلۆنا کەسانێکی زۆر هەن کە ئەم یاریگایە ناناسن، دەبێت لەسەر ئەم شتە رابێین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەلیمانی لەبارەی تۆمارکردنی گرێبەستە نوێکانیان، گوتی "ئێمە هەمیشە گەشبینین بە تۆمارکردنی یاریزانان، بە زووترین کات کار لەسەر ئەوە دەکەین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، یاریزانەکان بارودۆخی ئێمە دەزانن، هەروەها کەمیی رۆیشتنی یاریزانانیش هەیە، بەڵام هەوڵدەدەین کێشەی دانی پارە چارەسەر بکەین، گەشبینم بەوەی کە بە زووترین کات ناویان تۆمار دەکرێت".
 
ئەلیمانی دووپاتیشی کردەوە "دێمبلی چیدی یاریزانی یانەی بارسێلۆنا نییە، ناتوانم باسی ژمارە فەرمییەکانی گرێبەستەکە بکەم، تاوەکو ئەوکاتەی گرێبەستەکە بەفەرمی واژۆ نەکرێت، بەڵام یاریزانەکە مۆڵەتی گەشتکردنی بۆ پاریس وەرگرتووە".
 
سەبارەت بە دەنگۆکانی گەڕانەوەی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرزایلی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە کەتەلۆنییەکە، گوتی "گەڕانەوەی نەیمار؟ ئێمە ئێستا زۆر سەرنجمان لەسەر فایلی رۆیشتنەکانە، ئەوەی دیکە تەنیا بابەتی رۆژنامەڤانییە".