چیرۆکی من؛ ئێرلینگ هالاند.. ئەو یاریزانەی رۆژانە هێندەی ورچێک خواردن دەخوات

09-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند چیرۆکی من
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئێرلینگ هالاند، یاریزانی نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، چیرۆکێکی سەیری هەیە و سەرەتا کێشەی گەشەکردن و لاوازی هەبووە، لە نێو هاوتەمەنەکانیدا لە هەمووان باڵای کورتتر بوو، لاواز و بێهێز بوو، بەڵام دواتر چارەسەری بۆ کراوە. ئەو جیا لەوەی لە یاریکردندا بەهرەیەکی گەورەی هەیە، خاوەنی جەستەیەکی بەهێزیشە، ئەوەی زۆریش سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە رۆژانە هێندەی ورچێک خواردن دەخوات.
 
لە هاویندا لەدایکبووە، لە هاوینیشدا بووە یاریزانی مانچێستەر سیتی، باوکی درێسی مانچێستەر سیتی پۆشیووە، ئەمیش هەمان هەنگاوی ناوە.
 
لە ئینگلتەرا لەدایکبووە و چووە ئینگلتەرا. ماڵباتەکەی هەمووی سەرقاڵی وەرزش بوون، راسداڵ هالاندی باوکی یاریزانی ناوەڕاست و بەرگری بووە و لە چەند یانەیەکی ئینگلتەرا یاریکردووە، گری ماریتا براوتی دایکی یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووە.
 
چیرۆکی لەگەڵ تۆپی پێ
 
چیرۆکی پەیوەندی هالاند و تۆپی پێ لە منداڵییەکی زووەوە دەستپێکرد، ئەو لە ئینگلتەرا و لەکاتی سەرقاڵبوونی باوکییەوە بەتۆپی پێ، ئەو وەرزشە سەرنجی راکێشا. رووداوێک ئاراستەی ژیانی ئەوی گۆڕی. ئەوکاتەی هالاندی باوک لە ئینگلتەرا یاریدەکرد و هالاندی کوڕ هێشتا تەمەنی سێ ساڵ بوو. باوکی بەهۆی بەرکەوتنێکی تووندەوە لەگەڵ رۆی کینی یاریزانی ئەوکاتی مانچێستەر یونایتد دووچاری پێکانێکی تووند بوو. هەر ئەو پێکانە دواتر ئەوی ناچارکرد بەیەکجاری لە تەمەنی 30 ساڵیدا واز لە یاریکردن بهێنێت و بەیەکجاریش ئینگلتەرا بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە نەرویج. 
 
ئەو پێکانە و ئەو رووداوە هەموو تاڵەموویەکی خۆشەویستی لە نێوان ماڵباتەکەی هالاند و مانچێستەر یونایتددا پچڕاند، چونکە تاوەکو ئێستا هەمووان پێیانوایە یاریزانێکی مانچێستەر یونایتد هۆکاربوو بۆ ئاوابوونی ئەستێرەی هالاندی باوک لە تۆپی پێدا. هەربۆیە کاتێک وەرزی رابردوو مانچێستەر یونایتد هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ هالاند بکات، باوکی سووربوو لەسەر رێگریکردن لەو دەستەوارەیە و رێگەنەدان بەڕۆیشتنی کوڕەکەی بۆ مانچێستەر یونایتد.
 
هالاندی باوک، زۆر هانی هالاندی کوڕیدا بۆ خۆدۆزینەوە لە نێو دونیای تۆپی پێدا، هەر ئەوەش وایکرد ئەو پەیوەندی بەئەکادیمیای یانەی برێنی نەرویجییەوە بکات. لەوێ ئالف ئانگڤ بێرتسن، کە راهێنەری منداڵانی ئەکادیمیاکە بوو، هەر زوو بەتواناکانی ئەو سەرسامبوو، وەک ئەو دەڵێت "کە یەکەمجار هالاندم بینی تەمەنی 5 ساڵ بوو، لێهاتووییەکەی هێندە بەرز بوو، هەرزوو خستمە تیپێکەوە یاریزانەکانی هەموویان لەو گەورەتربوون، بەڵام ئەو لەوێش زۆرباش دەرکەوت و سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی راکێشا". لەوێوە کاروانە راستەقینەکەی ئەو دەستیپێکرد و یەکەم راهێنەری دیاریش کە سەرپەرشتی ئەویکرد، ئۆلی سۆلشایەر بوو کاتێک لە یانەی مۆڵدای نەرویجی گرێبەستی لەگەڵ هالاند کرد.
 
کێشەی گەشە

 

هالاند لە ساڵەکانی سەرەتای لاویدا، دووچاری کێشەی گەشەکردن و لاوازی بوو، لە نێو هاوتەمەنەکانیدا لە هەمووان باڵای کورتتر بوو، لاواز و بێوزە بوو، بەڵام سۆلشایەر لە رێگەی شیفێکەوە کە ناوی تەنتایە و نەرویجییە کێشەکانی ئەوی چارەسەرکرد، پاش ساڵێک مانەوەی هالاند لە یانەکەدا، ئەو 8 سانتیمەر باڵای زیادیکرد و بەوەش گەشەی زۆر خێرا بوو.
 
هالاند لە گەنجەکانی هاوتەمەنی ناچێت، تاوەکو ئێستا روون نییە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکدا هەبووبێت یان پێوەی پەیوەست بووبێت، ئەو زیاتر حەزی بە ژیانە لە نزیک دایباب و خوشک و براکانی، ئەو ستۆرییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاویاندەکاتەوە، هێندەی دەرکەوتنن لە نێو دارستان و کێڵگەکاندا، هێندە دەرخەری ئەوە نین، ئەو دڵی بەکێوە پەیوەستە.
 
وەک ورچ دەخوات
 
میدیای ئینگلتەرا زانیاری نوێیان لەبارەی ژیان و سیستمی خۆراکی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نوێی مانچێستەر سیتی بڵاوکردووەتەوە، ئاشکراکراوە هالاند سیستمێکی تایبەتی خۆراک پەیڕەو دەکات، کە پێکهاتووە لە خواردنی مریشک و سپاگێتی بەبێ زەیت و خوێ، هەروەها خواردنی بەردەوامی ماسیی و سەوزەی نوێ. جیا لەوەش ئاشکراکراوە کە هالاند بەردەوام بڕی زۆری ئاو دەخواتەوە، ئەو خواردنەوانە ناخواتەوە کە غازیان تێدایە، خۆراکی بەستوو ناخوات. 
 
زانیارییەکی دیکە لەبارەی سیستمە خۆراکییەکەی هالاندەوە کە ئاشکرا کراوە ئەوەیە کە ئەو یاریزانە رۆژانە بەشی وەرگرتنی 4 هەزار کالۆری خواردن دەخوات و شێفی تایبەتی هەیە کە خواردنەکەی بۆ دروستدەکات. 
 
جۆش کینگ کە هاوڕێی هالاندە دەڵێت "ئەوەی هالاند دەیخوات بەورچێکیش ناخورێت، ئەو کە ناندەخوات وا هەستدەکەی ورچێک لەبەردەمتدایە نیشتووەتە سەر خواردن و هەر مشە مشیەتی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).