سەرنجڕاکێشترین ژمارەکانی جامی سوپەری ئەوروپا


رووداو - هەولێر

دوای چەند کاژێرێکی دیکە هەردوو یانەی ریال مەدرید و سیڤییا لە یاری جامی سوپەری ئەوروپادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و پاڵەوانێتییەکە دەکەنە دەستپێکی رکابەرییەکان لە وەرزی نوێی خولەکانی ئەوروپا.

یارییەکە کاژێر 21:45 لەسەر یاریگەی لینکردال لەشاری تروندهایم لە نەرویج بەڕێوەدەچێت.

بەگەڕانەوە بۆ مێژوو هەردوو یانە یاری کۆتایی ساڵی 2014 دووبارە دەکەنەوە کە ریال مەدرید بە 2-0 یارییەکەی بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا.

ئەمەش چەندین ژمارەی پاڵەوانێتییەکەن

1- جامی سوپەری ئەوروپا لە ساڵی 1972 سەری هەڵداوە و یانەی ئەیاکس ئەمسترادامی هۆڵەندی یەکەم نازناوی بەدەستهێناوە.

2- هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەیسی میلانی ئیتاڵی زۆرترین نازناویان بردووەتەوە کە 5 نازناوە.

3- هەردوو یانەی ریال مەدرید و سیڤییا پێنج جار گەیشتوونەتە یارییەکە و سیڤییا تەنیا یەکجار کە ساڵی 2006 و ریال مەدریدیش دووجار لە ساڵی 2002 و 2014 نازناوەکەیان بردووەتەوە.

4- یانەیه بارسێلۆنا زۆرترین جار بەشداریی لە یارییەکەدا کردووە بە 9 جار و پێنج جار لە ساڵەکانی 1992-1997-2009-2011-2015 نازناوەکەی بەدەستهێناوە و.

5- نۆتینگهام فۆرێست و ئاستۆن ڤێلا تاکە دوو یانەی ئینگلیزین بەشداریان لە یارییەکەدا کردووە و نۆتینگهام لە 1979 و ئاستۆن ڤێلاش لە 1982 نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.

6- دانی ئەلڤێش لەگەڵ بارسێلۆنا و سیڤییا، پاوڵۆ ماڵدینیش لەگەڵ میلان وەک یاریزان زۆرترین نازناویان بردووەتەوە 4 نازناو.

7- پێپ گواردیۆلا راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، بایرن میونشن و بەڕێوەبەری هونەری ئێستای مانچێستەر سیتی وەک راهێنەر زۆرترین جار نازناوەکەی بردووەتەوە کە 3 جارە.

8- لەمێژووی پاڵەوانێتییەکەدا تەنیا یەک یاریزان 3 گۆڵ واتە هاتریکی تۆمارکردووە ئەویش رادەمێل فاڵکاوی کۆڵۆمبییە کە ساڵی 2012 سێ گۆڵی لە چێڵسی کرد و لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییەکەیان بە 4-1 بردەوە و نازناوەکەیان بەدەستهێنا.

9- لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی یەکەم یاریزانە لە مێژووی یارییەکەدا دوو گۆڵی بەلێدانی راستەوخۆ تۆمارکردبێت، هەردوو گۆڵیشی لە ساڵی 2015 لەبەرامبەر یانەی سیڤییا بووە.

10- هەشت یاریزان سێ گۆڵیان لە پاڵەوانێتییەکەدا هەیە رادەمێل فاڵکاو و لیۆنێل مێسی لەنێو ئەو هەشت یاریزانەدا ئێستا یاریدەکەن.

11- یانە ئیسپانییەکان زۆرترین نازناویان بردووەتەوە کە 10 نازناوە، بارسێلۆنا 5، ریال مەدرید، ڤالێنسیا و ئاتلێتیکۆ مەدرید 2 نازناو و سیڤییاش یەکجار نازناوەکەی بەدەستهێناوە.