کرووس: ترسم هەیە کچەکەم بەشەو لە ئەڵمانیا بچێتە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر هاتنی ئەو هەموو کۆچبەرە بۆ ئەڵمانیا هاتە دەنگ و دەڵێت "کۆچبەری لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە."
 
کرووس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پۆدکاستێکی ئەڵمانی دەڵێت " پێمان خۆشە کە ئەڵمانیا باوەشی بۆ ئەو هەموو کۆچبەرە کردووەتەوە، بەڵام کۆچبەریش ئاستی خۆی تێپەڕاندووە."
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە دەڵێت "بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر کە وڵاتەکەی بەرەو ئیسپانیا بەجێهێشت، گۆڕانکاری گەورە لە رووی کۆچبەرییەوە روویداوەو " لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە."
 
تۆنی زیاتر گوتی "پێموایە ئیدارەمان نەدا. ئەمەش بۆچوونێکی زۆر ئەرێنییە کە من 1000٪ پاڵپشتی دەکەم، چونکە باوەڕم وایە ناوازەیە کە خەڵک لەدەرەوە روومان تێدەکەن و دڵیشیان خۆشە."
 
وا دەردەکەوێت کرووس نیگەرانی ماڵباتەکەشییەتی، دەڵێت، " کچەکەم تەمەنی بووە بە 7 ساڵ، بەلامەوە ئاساییترە شەوان لە ئیسپانیا بچمە دەرەوە نەوەک لە ئەڵمانیا لەکاتێکدا 10 ساڵ لەمەوبەر ترسم لەوە نەبوو."
 
لە 2015 بەولاوە ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا پێشوازی لە زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر کرد. ئەمە ناکۆکی سیاسی لەنێو پارتە و لایەنەکانی وڵاتەکە قوڵترکردەوە.
 
ئەوانەی باڵی راستی پارتەکانی ئەڵمانیان، دژی هەڵوێستەکەی مێرکل و شوێنگرەوەکانی وەستانەوە، وایکرد دەنگی پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بەخێرایی هەڵبکشێت. لە هەڵبژاردنی مانگی رابردووی ئەورووپا بەروونی دەرکەوت کاتێک پارتەکە لەدوای هاوپەیمانی کۆنسەرڤاتیڤی یەکێتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆسیال کیریستیان پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
 
ئەمە ئۆلاف شۆلتزی راوێژکاری ناچارکرد بە سیاسەتی کۆچبەری دا بچێتەوەو هەندێ یاسای نوێ دەربکات، لەنێویاندا دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی پاڵپشتی لە کردەوە تیرۆرستییەکان و توندئاژۆی دەکەن،  تەنانەت ئەگەر لە سۆشیال میدیاش بێت.