چاڤی لە گرێبەستەکانی بارسێلۆنا رازی نییە


رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، قسەی لەبارەی ئەو گرێبەستانەوەکرد کە یانەکەی تاوەکو ئێستا ئەنجامیداون، دووپاتیکردەوە پێکهاتەکەی پێویستی بە یاریزانی زیاترە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکانی وەرزی داهاتوو.
 
چاڤی دەڵێ، "ئێمە پێویستیمان بە خۆپتەوکردنی زیاتر هەیە، بەڵام لە بواری وەرزشیدا کارێکی باش دەکەین". 
 
راهێنەری بارسا دەڵێ، لە دۆخێکی ئاڵۆزداین و لەوانەیە نەتوانین ئەو یاریزانانە بهێنینە لای خۆمان کە چاومان لەسەریانە، ئەمەش بەهۆی یاسای یاریی خاوێنەوە، بەڵام گرێبەستی دیکە دەکەین، ناتوانم بڵێم کێ دەهێنین، بەڵام کاردەکەین بۆ ئەوەی تیپەکەمان رکابەرتر بێت.
 
راهێنەری بارسا هەروەها دەڵێ، تیپەکەم لە زۆر شوێندا پێویستی بە یاریزانی نوێ هەیە و بازاڕی گواستنەوەش کاتی پێویست دەبێت. دەبێ لە دۆخی خۆمان رازی بین، بەڵام روونە کە کار بۆ پەرەپێدانی پێکهاتەکەمان دەکەین، با بزانین تاچەند دەتوانین لە بازاڕی گواستنەوەدا کاربکەین و خۆمان بەهێزتربکەین، ماتیۆ ئالیمانی کاری باش ئەنجامدەدات.
 
چاڤی هەروەها دەڵێ، دەبێ چاومان لە یاریزانانی ئەکادیمیای لاماسیاش بێت، من خۆم یەکێکم لەوانەی تەماشای خوارەوە دەکەم و بەردەوام دەبم لەسەری و نموونەی ئەوەی ئێستا هەمانە ئەلیخاندرۆ بالدێیە، ئەو بۆچوون لەسەر جیاواز بوون، بەڵام تەقییەوە و بووە یاریزانی سەرەکی تیپەکەمان.. ئەمە ئەو رێگەیەیە کە بەرەوپێشمان دەبات، لە ئەکادیمیاکەمان یاریزانی بەهرەمەندمان هەن دەبێ سوودیان لێوەبگرین بۆ خۆ بەهێزکردنمان.
 
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ گۆندۆگان و ئینیگۆ مارتینێز ئەنجامداوە کە هەردووکیان بەبێ بەرامبەر هاتوونەتە یانەکە.