دهۆک دەیەوێت گرێی ئەنجامە خراپەکانی بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای شەش یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی دهۆک دەیەوێت گرێی ئەنجامە خراپەکانی بکاتەوە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی خولی عێراق، یانەی دهۆک ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەفت میسان یارییدەکات، یارییەکە کاژێر 18:00 لە یاریگەی میسان بەڕێوەدەچێت.
 
دهۆک چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک لەگەڵ یانەی کەربەلا یەکسانبوو و درێژەی بە ئەنجامە خراپەکانیدا، یانەکە لە شەش یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە دوایین سێ یارییشدا یەکسانبووە، بۆیە دەیەوێت هەرچۆن بێت ئەمڕۆ بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە.
 
دهۆک لە یاریی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە نەفت میسانی بردووەتەوە و دەیەوێت سەرکەوتنەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە دووبارەبکاتەوە.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، دهۆک لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 48 خاڵ و یانەی نەفت میسان پلەی 47 خاڵی هەیە و لە پلەی یازدەیەمە.