بایرن واز لە هاری کەین ناهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین، هێرشبەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، بایرن میونشن دەستەوارەیەکی نوێ بۆ تۆتێنهام دەنێرێت لەپێناو بەدەستهێنانی کەین، پاشئەوەی دەستەوارەکانی پێشووی رەتکراوەتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن میونشن ئەمجارە دەستەوارەیەک بەبڕی 80 ملیۆن یۆرۆ دەنێرێت و لە چەند کاژێری داهاتوودا، دەستەوارەکە بۆ لەندەن دەنێرێت.
 
دەستەوارە نوێیەکەی بایرن میونشن پاشئەوە دێت کە تۆتێنهام دەستەوارەی پێشووی یانە باڤارییەکەی رەتکردەوە کە بڕەکەی 70 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا دەڵێن، بایرن دەیەوێت بەزوویی دەستەوارەکەی کەین یەکلایی بکاتەوە، بەڵام پێناچێ تۆتێنهام بەو نرخانە دەستبەرداری هێرشبەرەکەی ببێت.
 
لە بەرامبەردا بایرن میونشن وای دەبینێت کە 80 ملیۆن ئەوپەڕی نرخی گونجاوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە، لە کاتێکدا کەین هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
 
پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو کە تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن سەردانی لەندەنی کردووە و لە ماڵەکەی هاری کەیندا، لەگەڵ ئەو یاریزانە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی رازی بکات پەیوەندی بە یانە باڤارییەکەوە بکات.