ڤیدیۆ؛ گەڕی 8ـی تور دێ فرانس پڕبوو لە رووداوی بەریەککەوتن

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕی هەشتەمی تور دێ فرانسدا، پاڵەوانێکی نوێ هاتە پێشەوە و لە یەکێک لە سەختترین گەڕەکاندا توانی پێش باشترینەکانی جیهان بکەوێت.
 
مادس پێدێرسنی پایسکیلسواری دانیمارکی، پاڵەوانی پێشووی جیهان لە رۆژی هەشتەم و  گەڕی هەشتەمی تور دێ فرانسدا، بە شایستەیی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
ماوەی ئەم گەڕە نزیکەی دوو سەد کیلۆمەتر بوو، کە لە لیبۆرنەوە دەستیپێکرد و لە لیمۆج کۆتاییهات.
 
پایسکیلسوارە دانیمارکییەکە بە چوار کاژێر و دوانزە خولەک و بیست و شەش چرکە ماوەکەی بڕی.
 
پلەی دووەم بەر یاسپەر فیلیپسۆن کەوت کە پێشتر لە سێ گەڕدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. فۆت ڤان ئایرتی هاونیشتیمانی یاسپەریش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
ئەمجارەش پایسکیلسواری دانیمارکی، جۆناس ڤینێگارد پێشەنگی ریزبەندیی گشتی  پاراست و بیست و پێنج چرکە پێش تادی بۆگاگار دێت، کە دووجار براوەی پیشبڕکێی سلۆڤینیایە، لە بەرامبەردا گای هیندلی ئوسترالی لە ریزبەندی سێیەمدا بوو، خولەکێک و سی و چوار چرکە لە پێشەنگەوە دوورە.
 
لەم گەڕەی تور دێ فرانسدا کۆمەڵێک پێکدادان روویاندا، کە لە یەکێکیاندا پاسکیلسوارە دێرینەکەی بەریتانی، مارک کاڤێندیش بووە قوربانی و ناچاری کرد لە پێشبڕکێکە بکشێتەوە، بەمەش نەیتوانی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت لە رووی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە زۆرترین گەڕەکانی تور دێ فرانسدا، کە ژیانی وەرزشیی درێژخایەنیدا لە سی و چوار گەڕدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە هاوتای ئەو ژمارەیە ئیدی مێرکس، کە پێشبینی ناکرێ ئەو ژمارەی پێوانەییە بشکێنێت، چونکە لە کۆتایی وەرزدا واز لە یاریکردن دەهێنێت.