وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا ستایشی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئیتالیا بەڕێوەدەچێت، وەزیرێکی بەریتانیاش کە بەڕەچەڵەک کوردە ستایشی ئاستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات.

نەدیم زەهاوی، وەزیری تەندروستی بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە حکومەتی بەریتانیا، لە یاریی ئینگلتەرا و دانیمارک، لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2020 ئامادەبوو و دوای یارییەکە زەهاوی وێنەیەکی خۆی بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە بڵاوکردووەتەوە، ستایشی ئاستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات و لە فەیسبووک " بەشێوەیەكی بڕواپێنەكراو شانازی بە ئاست و كەسایەتی ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەكەم، لە یاریی شەوی رابردوودا ".



ئینگلتەرا لە یارییەکەدا بە زەحمەت بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.

لە یارییەکەدا جگە لە نەدیم زەهاوی، بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە ئامادەبوون کە لە یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڕیارییداوە لە ئەگەری بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە لەلایەن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئەوا رۆژی دوای ئەوە دەکرێتە پشووی فەرمی و ناوی گارێس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەکەش بۆ سێر گارێس ساوسگەیت دەگۆڕێت.

ئینگلتەرا شەوی یەکشەممە لە بەردەم هەزاران هاندەری لە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی وێمبڵی رکابەری هەڵبژاردەی ئیتالیا دەکات، چاوەڕێی رکابەرییەکی زەحمەت لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، بەوپێیەی ئیتالیا لە 14 یاریی رابردوودا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و چاوی لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.

نەدیم زەھاوی بە رەچەڵەك كوردە و لە 2ـی حوزەیرانی 1967 لە بەغدا لە دایكبووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە بەغدا، بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کیمیادا بەدەستهێناوە، سایسەتمەدارێکی دیاری بەریتانیایە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017ـی پەرلەمانی بەریتانیا بووە ئەندامی پەرلەمان، لە ساڵی 2018 وەک یاریدەدەری وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەستنیشانکرا، ئێستاش وەزیری تەندروستییە بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا.