وەین روونی جاریکی دیکە گەڕایەوە یانەی ئێڤێرتۆن

رووداو – هەولێر 

وەین روونی یاریزانی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە یانەی ئێڤێرتۆنەوە کرد و بۆ جارێکی دیکە درێسی شینی ئەو یانەیە دەپۆشێت.

کەمێک پێش ئێستا وەین روونی بە فەرمی وەک یاریزانی نوێی یانەی ئێڤێرتۆن ناسێندرا، ماوەی گواستنەوەکەشی بۆ دوو وەرزە و بەبڕی 10 ملیۆن پاوەند بۆ جاری دووەم دەبێتە یاریزانی تۆڤێز.

روونی مووچەی هەفتانەی 130 هەزار پاوەند دەبێت، کە ئەمەش نیوەی ئەو مووچەیە بوو کە لە مانچێستەر یونایتد وەریدەگرت.

ئەو یاریزانە تەمەن 31 ساڵانە بۆ ماوەی 13 وەرزی یاری بۆ مانیونایتد کرد و بەشداری لە 559 یاریدا هەبوو، کە 253 گۆڵی تۆمارکرد.

روونی کوڕی یانەی ئێڤێرتۆنە و لەوێوە دەستی بە یاریکردن کرد، لە ساڵی 2004 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد و بووە گۆڵکەری میژوویی ئەو یانەیە.