وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا باس لە رێکارە ئەمنییەکانی یۆرۆی 2024 دەکات

09-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نانسی فایسەر یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، باس لە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 دەکات و دەڵێت "ئەڵمانیا رێکاری تووند لەرووی چاودێرییەوە دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی هاندەران چێژ لە پاڵەوانێتییەکە وەربگرن."
 
نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی یۆرۆی 2024ـەوە دەڵێت "ئەڵمانیا هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە رووی مرۆییەوە بەباشترین شێوە بۆ پاراستنی سەلامەتی پاڵەوانێتییەکە ئامادەبێت."
 
وەزیرەکەی ئەڵمانیای میوانداری یۆرۆ زیاتر گوتی "رۆژانە 22 هەزار پۆلیس چاودێری پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکەن."
 
نانسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سیناریۆکانی هەڕەشەکردن لە پاڵەوانێتییەکە زیاتر ئەو کەسانەن کە کار لەسەر خۆیان دەکەن، وەکو ئەوەی هەفتەی رابردوو لە شاری مانهایم روویدا کە پۆلیسێک لەلایەن کۆچبەرێکی ئەفغانییەوە کوژرا."
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت "پاراستنی سەلامەتی پاڵەوانێتییەکە لەپێشینەی هەموو کارەکانمانە، بەڵام لە هەمانکاتدا داوا لە هەموو لایەک دەکەین چێژ لە پاڵەوانێتییەکە وەربگرن، بۆیە ئەمە ئەو شتەیە کە بەهەمووان دەڵێین چاوەڕێی پاڵەوانێتییەکە بن و بچن بۆ سەیرکردنی یارییەکان."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا فایسەر گوتی "پێویستە پاڵەوانێتییەکە زۆرترین چێژ و پشتوو بەهەمووان ببەخشێت، دەکرێت جارێکی دیکە چێژ لە هەڵبژاردەی نیشتمانی وەربگرین، نەک هەمیشە بیر لە خراپترین شتەکان بکەینەوە."
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەبەشداریی 24 هەڵبژاردەی لە ئەڵمانیا دەستپێدەکات، لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا، هەریەکە لە ئەڵمانیای میواندار و سکۆتلاند رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 10 شاری جیاواز بەڕێوەدەچن و تاوەکو 14-7-2024 بەردەوامبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە