رووداو هەولێر
یانەی جەوییە، بەمەبەستی رێکخستنەوەی ریزەکانی، کەمپێکی راهێنان لە شاری هەولێر دەکاتەوە و دەیەوێت یاریزانانی بهێنێتەوە نێو کەشوهەوای رکابەریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 وەستاوە، یانەی جەوییە بۆ سوود وەرگرتن لەو ماوەیە تیپەکەی هێناوەتە شاری هەولێر ر راهێنان و ئامادەکارییەکانی 5 رۆژ دەخایەنێن.
جاسم غولام، سەرپەرشتیاری یانەی جەوییە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دەمانەوێت یاریزانان کەمێک لە گوشارەاکن دووربخەینەوە و شاری هەولێر بەشوێنێکی شیاو دەزانین بۆ ئارامکردنەوەی باری دەروونی یاریزانانمان، دڵنیام سوود لەم کەمپی راهێنانە بۆ چەند یاریی داهاتوومان دەبینین".
جەوییە وەرزی ئەمساڵ ململانێیەکی بەهێز لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، ئێستا بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکەیە.
غولام، زیاتر گوتی "دەمانەوێت یارییەکانی داهاتوو بەبردنەوە تەواو بکەین و ئێمە تیپێکی ئاسان نەبین، راهێنەر بەخاڵە لاواز و نیگەتیڤەکاندا دەچێتەوە و بەڵێن بەهاندەران دەدەین دڵخۆشیان دەکەین".
وەرزی رابردوو یانەی جەوییە نازناوی جامی عێراقی بەرزکردەوە، ئەمساڵ بەرپرسانی یانەکە بەپشتبەستن بر ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق، دەیانەوێت نازناوی خول و جام ببەنەوە، کە بریتین لە عەلی جاسم، ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش.
رۆژی شەممەی داهاتوو یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات، چاوەڕوانی ململانێیەکی بەهێزی نێوان هەردوو تیپ دەکرێت.
یانەی جەوییە لە 1931 دامەرزراوە و یانەیەکی جەماوەرییە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، خاوەن 3 نازناوی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیایە، 6 جار پاڵەوانی جامی عێراق بووە و 7 جاریش پاڵەوانی خولی عێراق بووە.
دوای تەواوبوونی 31 گەڕ لە خولی ئەمساڵی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی جەوییە 19 بردنەوەی هەیە، 9 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەیە، هێرشبەرانی 55 گۆڵیان تۆمارکردووە، 25 جاریش تۆڕی گۆڵەکەی هەژێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ