هیچ خەونێک بۆ پێرێز مەحاڵ نییە

09-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئێرلینگ هالاند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید دوای هەشت ساڵ هەوڵدان، سەرکەوتوو بوو لە واژۆکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین گرێبەستەکانی جیهان، دوای ئەوەی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یەکلاکردەوە، بەڵام وادیارە خەونەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی شاهانە کۆتایی ناهێن و دەیەوێت گرێبەستێکی لەو ئاڵۆزتر واژۆ بکات.
 
کیلیان ئێمباپێ و ریال مەدرید چیرۆکێک بوون کە رۆژنامەکان و میدیاکان بەدرێژایی چەندین ساڵ بایەخیان پێدەدا، ئێستاش وادیارە ئەو چیرۆکە کۆتاییهات و لە مەدرید، کە شوێنی چیرۆکە بەنێوبانگەکانە، چیرۆکێکی نوێ دەستپێدەکات کە تێیدا ریال مەدرید و سەرۆکەکەی جارێکی دیکە پاڵەوانی دەبنەوە.
 
پاڵەوانی دیکەی ئەمجارە لەگەڵ ریال مەدرید ئەستێرەی نەرویجی ئێرلینگ هالاند دەبێت، کە گۆڵکاری یانەی مانچێستەر سیتی و پرێمەرلیگە، کە ئێستا بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دادەنرێت.
 
ساڵانێکە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت لە تەنیشت کیلیان ئێمباپێوە، ئێرلینگ هالاند بخاتە نێو یاریگاکانەوە و خەون بەوە دەبینێت ئەو دووانە بخاتە ناو یەک پێکهاتەوە.
 
ئەو خەونەی پێرێز لەلایەن رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانییەوە پشتڕاستکرایەوە، بەڵام دووپاتیشیکردەوە کە مەحاڵە لەسەر ئەرزی واقیع ببێتە راستی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە دەوروبەری گرێبەستەکەدا هەیە.
 
هەرچەندە هەمان رۆژنامە پشتڕاستیکردەوە کە هالاند دەیەوێت لە ساڵی 2025 ریزەکانی مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت.
 
بەربەستەکانی بەردەم خەونەکە
 
رۆژنامەکە پێیوایە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئەم خەونەی پێرێزدا، یاسای یاریی دارایی خاوێنە، کە زۆر زەحمەتە یانەیەک لە یەککاتدا بتوانێت دوو مووچەی گەورە بە دوو یاریزانی وەک ئێمباپێ و هالاند بدات. 
 
هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەو بابەتە نزیکە لە مەحاڵەوە، چونکە هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی خاوەنی 100%ـی مافەکانی وێنەی خۆیە، کە مەحاڵە ریال مەدرید ئەو مافەی پێبدات.
 
ئەگەری بەدیهێنانی خەونەکە
 
هەرچەندە رۆژنامەکەی نزیک لە ریال مەدرید ئەگەری روودانی گرێبەستەکەی رەتکردەوە، بەڵام ئەوە یەکەمجار نییە رۆژنامەکانی پایتەختی ئیسپانیا شتێک رەتدەکەنەوە و دواتر پێچەوانەکەی رووبدات.
 
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، رۆژنامەکانی مەدرید  پشتڕاستیان کردەوە کە شەمەندەفەرەکەی ریال مەدرید وێستگەی کیلیانی بەجێهێشتووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵیبگرێتەوە کەچی پێچەوانەکەی روویدا.
 
بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە، ریال مەدرید دەبێت هەندێک رێوشوێن بگرێتەبەر، کە لەوانەیە ئێمباپێ بتوانێت لە تەنیشت هالاند بە درێسی ریال مەدریدەوە یاری بکات.
 
دیارترین رێوشوێن کەمکردنەوەی مووچەی ژووری جلگۆڕینی تیپەکە دەبێت و ئەمەش بە رۆیشتنی تەنیا یەک یاریزان لە تیپەکە روونادات، بەڵکو بە رۆیشتنی چەند یاریزانێک روودەدات.
 
لەم هاوینەدا پشتڕاستکرایەوە کە تۆنی کرووس ریازەکانی ریال مەدرید جێدەهێڵێت و ناچۆش ئەگەری هەیە، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، هەروەها دوای تەواوبوونی وەرزی داهاتووش رۆیشتنی لۆکا مۆدریچ مسۆگەر دەبێت.
 
هەموو ئەو ناوانەی کە دەڕۆن و زۆر شتی دیکەش کە لەوانەیە رووبدەن، دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر لەسەر جیاوازی مووچەی ریال مەدرید هەبێت.
 
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانکراوی داهاتە داراییەکانی یانەی ریال مەدرید، کە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکانی نوێ و سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ دەکات. هەروەها بەشاداریکردنی لە جامی کیشوەرەکانی یانەکان و داهاتەکانی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دوای نۆژەنکردنەوەی، ئاسان دەبێت مووچەیەکی بەرزی دیکە بۆ تیپەکە لەگەڵ مووچەی ئێمباپێ بدرێت.
 
ئەگەر باسی کێشەی پەیوەندیدار بە مافی وێنەکانەوە بکەین، هەمان شتە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێش روویدا، کە پێداگری دەکرد لەسەر بەدەستهێنانی 100%ـی مافی وێنەکان، بەڵام ریال مەدرید توانی لە رێگەی دانوستاندنەوە ئەو کێشەیەی ئێمباپێ چارەسەر بکات، تەنانەت ئەگەر تیپی شاهانە دەستبەرداری بەشێک لە پرەنسیپەکانیشی بێت کێشە نابێت، بەو پێیەی یاریزانێکی وەک کیلیانی بۆ ریزەکانی بەدەستهێنا، کە بێگومان بۆ بەدەستهێنانی هالاندیش دەکرێت هەمان شت لەلایەن پێرێزەوە دووبارە بکرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە