چاڤی بیر لە گەڕانەوە دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا بیر لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەیەکی پرێمەرلیگ دەکاتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن "دوای چەند هەفتەیەکی کەم لە دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا، چاڤی بیر لە گەڕانەوە بۆ نێو کاری راهێنەرایەتی دەکاتەوە و ئەگەری هەیە وێستگەی داهاتووی لە خولی ئینگلتەرا بێت."
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرت، لە هەفتەکانی رابردوودا، چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ چاڤی کراون، بۆ ئەوەی ئەزموونێکی نوێ لە کاری راهێنەرایەتیدا تاقیبکاتەوە.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "چاڤی دەیەوێت ماوەیەک پشوو بدات و لە کاری راهێنەرایەتیکردن دووربێت، بەتایبەت کە پێی وایە لە ماوەی رابردوودا زۆر ماندوو بووە و پێویستی بە وزە هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە."
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە چاڤی هێرناندێز رایگەیاندووە، راهێنەرەکە پلانی هەیە کاروانی داهاتووی راهێنەرایەتیکردنی بباتە پرێمەرلیگ، بەڵام دیارنییە لە کام یانە راهێنەرایەتی دەکات.
 
چاڤی و خوان لاپۆرتا، لە ماوەی رابردوو پەیوەندییەکی خراپیان هەبوو، بەو هۆیەوە بڕیاردرا چاڤی لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا دووربخرێتەوە و هانزێ فلیک، وەکو راهێنەری نوێی بلاوگرانا دەستنیشانکرا.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کاتی دوورخستنەوەی لە بارسێلۆنا گوتی "پێموایە ئەمە گۆڕانکارییەکی پێویستە بۆ بەرژوەندی بارسێلۆنا، بۆیە بڕیارەکە قبوڵکراوە و هەمیشە وەکو هاندەری یانەکە دەمێنمەوە."