کاسێمیرۆ: نامەوێت باوکم ببینم و بناسم

09-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کاسێمیرۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

چیرۆکی کاسێمیرۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، یەکێکە لە چیرۆکە تراژیدییەکان، کە لە منداڵیدا ژیانێکی قورس و زەحمەتی هەبووە، بەڵام دایکێکی میهرەبان و دڵسۆز وایلێکردووە ئەو کوڕە بگاتە خەونەکەی.

ئەوەی لە هەمووی زەحمەتتر بۆ کاسێمیرۆ ئەوەبووە کە لەدوای تەمەنی 3 ساڵی بەبێ باوک گەورەبووە، سەرەڕای ئەوەی باوکی لە ژیاندا ماوە، بەڵام جێیهێشتوون، بۆیە نایەوێت باوکی خۆی ببینێت و بناسێت.

لە هەڤپەیڤینێکی پێشووتردا، کاسێمیرۆ چیرۆکی تراژیدیای منداڵێتی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "دایکم هەر 7 رۆژی هەفتە، لە یەکشەممەوە بۆ یەکشەممە کاری خزمەتکاری لە ماڵەکان دەکرد بۆ ئەوەی ئێمە بژین".

ئینجا لە کاتی قسەکردن لەسەر باوکی، بە تووڕەیی دەڵێت "تەمەنم 3 ساڵ بووە کە باوکم ئێمەی جێهێشتووە، من ئەوم بەبیرنییە و ناشمەوێت بیبینم و بیناسم". 

ئەو کە بۆ هەتاهەتایە خۆی بە قەرزاری دایکە میهرەبانەکەی دەزانێت، دەڵێت "ئەوەی بە باشی بەبیرم دێتەوە و هەمیشە شانازی پێوەدەکەم ئەو رۆژەیە کە یەکەم مووچەی گەورەی بوونم بە یاریزانی پیشەگەر وەرگرت، راستەوخۆ رۆیشتم خانوویەکی باشم بۆ دایکم کڕێ".

ئەو هەروەها گوتیشی "خانوویەکی شایستە بەو ئافرەتەی زۆر ئازاری چەشت و ماندووبوو لەپێناو ئەوەی من بەو رۆژە بگەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە