ساری بەفەرمی بووە راهێنەری لازیۆ

09-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماوریزیۆ ساری یانەی لازیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی لازیۆی ئیتالی گرێبەستکردنی لەگەڵ ماوریزیۆ ساریی راهێنەری ئیتالی راگەیاند بۆ ئەوەی جێگەی سیمۆن ئینزاگی بگرێتەوە.

سیمۆن ئینزاگی، دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی لازیۆ پلەی شەشەمی ریزبەندیی سێریای ئەی بەدەستهێنا و یانەکە بلیتیکی یۆرۆپالیگی بردەوە، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا رۆیشتنی خۆی لە یانەکە راگەیاند و دوای چەند رۆژێک لە جێگەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی بووە راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی پاڵەوانی سیریا ئەی.

یانەی لازیۆ ماوەیەک بوو دانوستاندنی لەگەڵ ساری دەستپێکردبوو، بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکات و ئەمڕۆ رێککەوتنی لەگەڵ راهێنەرەکە راگەیاند.

بەپێی رێککەوتنی نێوان یانەکە و راهێنەرەکە، ساری تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2023 سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەی لازیۆ دەکات و یانەکە بەڵێنی پێداوە چەند گرێبەستێکی نوێی بۆ بکات، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتووی سێریا ئەیدا رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.

وەک سەرچاوەکانی رۆژنامەڤانی لە ئیتالیا باسی دەکەن، ساری زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا دەست بە کارەکەی بکات و دەشڵێن "هاندەرانی یانەی لازیۆ زۆر دڵخۆشن بە گرێبەستکردنی یانەکەیان لەگەڵ ساری و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە گەرمی پێشوازییان لێکردووە".

جێگەی سەرنج بوو کە یانەی لازیۆ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا وێنەی جگەرەیەکی دانابوو، وەک ئاماژەیەک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ماوریزیۆ ساری، کە بە کێشانی جگەرە بەنێوبانگە و هەمیشە جگەرەیەکی بەدەستەوەیە، تەنانەت لە کاتی یاریشدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە