یوفا سزاکانی سەر یانەکانی سوپەرلیگی راگرت

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای ناسراو بە یوفا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لێژنەی تێهەڵچوونەوە کە لێژنەیەکی بێلایەنە، بڕیاریدا سزادانی سێ یانەی گەورەی ئەوروپی بۆ کاتێکی نادیار رابگرێت، دوای ئەوەی دۆسییەی تایبەت بە لێپێچینەوە لە یانەکانی یوڤێنتوس، بارسێلۆنا و ریال مەدرید راگەیێندرا.

لە ماوەی رابردوودا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا دۆسییەیەکی تایبەت بە سزادانی هەریەک لە یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوس کردبووەوە، بەمەبەستی سزادان و بێبەشکردنیان لە چالاکییەکانی یۆرۆ، بەهۆی دەرچوونیان لە یاساکانی یۆرۆ و راگەیاندنی پڕۆژەی سوپەرلیگ.

لە بڵاوکراوەکەی یوفادا هاتووە: "دەستەی تێهەڵچوونەوەی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپی، بڕیاریدا سزادانی ئەو سێ یانەیە رابگرێت، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای باڵا لە سویسرا داوایان لێکرابوو تاکلایەنانە سزای یانەکانی بارسا و ریال و یوڤی رابگرن".

لە ماوەی رابردوودا، بەپێی یاسای یەکێتی ئەوروپا، بە پشتبەستن بە پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و یاسای سویسرا، دۆسییەی لێکۆڵینەوەیان تایبەت بە رەفتاری ئەو یانانە کردەوە کە دەستیان هەبوو لە راگەیاندنی پاڵەوانێتییەک بەناوی سوپەرلیگ. 

دوای راگەیاندنی پڕۆژەی سوپەرلیگ لەلایەن یانە بەنێوبانگەکانی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا، 12 یانە بەشداریکردنی خۆیان لەو پاڵەوانێتییە راگەیاند، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێر 9 لەو یانانە کە شەشیان یانەکانی خولی ئینگلیزی بوون، لەژێر گوشاری هاندەران و میدیادا پاشێکشێی خۆیان لە سوپەرلیگ راگەیاند.