بەیانەیەکی نوێوە، بیرلسکۆنی دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی خولی ئیتاڵیا

09-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رووداو - هەولێر

سێلڤیۆ بێرلیسکۆنی سیاسەتمەدار و سەرمایەداری گەورەی ئیتاڵی کە پێشتر خاوەنی یانەی میلان بوو، لە رێگەی یانەیەکی نوێوە دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا و دەیەوێ یانەکە بکاتە رکابەری گەورەکانی خولی سێریا ئەی.

یانەی مۆنزا کە ساڵی 2018 بێرلیسکۆنی کڕییەوە، دوێنێ سەرکەوتنی بۆ خولی پلە دووی ئیتاڵیا مسۆگەر کرد و سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن: ئەوە سەرەتای گەڕانەوەی گەورەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیایە بۆ نێو خولی ئیتاڵیا.

بێرلسکۆنی پێشتر و لە دوای کڕینەوەی یانەی مۆنزادا رایگەیاندبوو ئامانجی یەکەمی یانەی مۆنزا گرتنی پێشەنگی خولی پلە دووی ئیتاڵیایە.

 

بەر لە راوەستانی سەرجەم خولەکانی ئیتاڵیا بەهۆی کۆرۆناوە، یانەی مۆنزا لە ریزی پلە سێی ئیتاڵیا یاریدەکرد و دوێنێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڕیاریدا پێشەنگی هەرسێ کۆمەڵەکەی خولی پلە سێ لەگەڵ یانەیەکی دیکەدا کە دواتر بەهۆی ئەنجامەکانییەوە دەستنیشاندەکرێت، بۆ خولی پلە دوو سەردەکەون، بەوەش یانەکەی بێرلیسکۆنی یەکێک لە یانە سەرکەوتووەکان دەبێت بۆ ریزی یانە پلە دووەکان.

سەرمایەدارە مشتومڕهێنە ئیتاڵییەکە ئەدریانۆ گالیانی هاوڕێی دێرینی خۆی بە راوێژکاری یانەکە دەستنیشانکردووە و دەڵێ: هیچ گومانم لەوە نەبوو ئەمساڵ دەگەینە خولی پلە دووەکان.

ئەو لەبارەی خووەکانی پێشووتریەوە لە یانەی میلان کە هەندێکجار دەبووە هۆی هەڵوەستە و رەخنەی رۆژنامەکان، دەڵێ ئەوەی لە میلان دەمکرد، ئێستا لەگەڵ راهێنەر و یاریزانانی مۆنزادا دەیکەم، رۆژانە قسەیان لەگەڵدا دەکەم، هانیان دەدەم و جۆشوخرۆشیان زیاد دەکەم، هەندێکجار ئەگەر هەست بکەم هەڵەیەک لە هەڵسوکەوتیاندا هەیە، پێیاندەڵێم، من هەر ئەوە دەکەم کە پێشتر لە میلان دەمکرد.

سەرچاوە ئیتاڵییەکان دەڵێن سەرکەوتنی یانەی مۆنزا بۆ خولی پلە دوو، رادەی سووربوونی بیرلیسکۆنی لەسەر گەڕانەوە بۆ ناو کەشوهەوای سێریا ئەی و رکابەریکردنی یانە گەورەکانی ئەو خولە دەردەخات. دوور نییە ساڵانی نزیکی داهاتوو ئەو یانەیە لە سێریا ئەیدا دەربکەوێت.

مۆنزا شاریکی بچووکی باکووری ئیتاڵیایە و کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە ئاکۆرییەوە دوورە، ئەو شوێنەی بۆ چەندین ساڵ زێدی بیرلیسکۆنی بووە.

بێرلیسکۆنی پێشتر 31 ساڵ سەرۆک و خاوەنی یانەی میلان بوو و لە ماوەی نێوان 1986 تا 2017 کە یانەکەی بەوەبەرهێنەر ئەمریکییەکان فرۆشت، یانەکە 29 نازناوی بەدەستهێنا، لە نێویاندا 8 نازناوی خولی ئیتاڵیا و 5 نازناوی چامیۆنزلیگ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە