سانتۆس ماوه‌ی مانه‌وه‌ی رۆناڵدۆ له‌نێو یاریگه‌كان ئاشكرا ده‌كات

09-06-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال، په‌سنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ده‌دات ده‌ڵێت "رۆناڵدۆ له‌ مۆندیالی 2022شدا ئه‌ستێره‌ی پورتوگال ده‌بێت".

ئه‌مشه‌و كاژێر 21:45 به‌ كاتی باشووری كوردستان، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا و پورتوگال یاری كۆتایی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
 
فێرناندۆ سانتۆس، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال، له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌ڤانی به‌ر له‌ یارییه‌كه‌دا، له‌ باره‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆوه‌ گوتی "پێشتر گوتوومه‌ رۆناڵدۆ چیدی تووشی سه‌رسوڕمانم ناكات، چونكه‌ ئه‌و كاتێك له‌ لێشبۆنه‌ یاریزانی من بوو تووشی سه‌رسوڕمانی كردم، كه‌ هێشتا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵان بوو". 

سانتۆس هه‌روه‌ها گوتی "ئه‌و كه‌ چووه‌ مانچێسته‌ر یونایتد من بێ ئه‌و مامه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مندا نه‌بوو، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ به‌هره‌كانی دیاربوون، ئه‌و سه‌لماندی كه‌ ئه‌و یاریزانێكی جیاوازه‌ و ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی سێ یان چوار ساڵی دیكه‌ش پارێزگاری له‌م ئاسته‌ی بكات".

راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال، زیاتر له‌باره‌ی كریسه‌وه‌ گوتی "ئه‌و هێشتا ئامانجی دیكه‌ی ماوه‌و ده‌یه‌وێ پێیانبگات، ئه‌و ویست و ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، خاوه‌ن توانایه‌كی جه‌سته‌یی باشه‌، سیستمێكی زانستی له‌ ژیانی خۆیدا په‌یڕه‌و ده‌كات و به‌ باشی مه‌شق ده‌كات، هه‌میشه‌ش ئاواتی زیاتری هه‌یه‌، بۆیه‌ یاریزانی دیكه‌ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌ودا نابینی كه‌ وه‌ك ئه‌و له‌ وه‌رزێكدا 50 گۆڵ تۆمار بكه‌ن".

له‌ كۆتاییدا سانتۆس دووپاتیكرده‌وه‌ "رۆناڵدۆ له‌ مۆندیالی 2022شدا ئه‌ستێره‌ی پورتوگال ده‌بێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە