چامپیۆنزلیگ گڕ دەگرێت.. گەورەی ئەوروپا ئەمشەو تاقیکردنەوە گەورەکە ئەنجام دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

لەبەرئەوەی ریال مەدریدە و گەورەی ئەوروپایە، لەبەرئەوەی هیچ هاوکێشە و ئەگەر و پێشبینییەک لەسەدا سەد قبووڵ ناکات.. لەبەرئەوەی لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیدا دەردەکەوێت و هەموو کات وەک دێوانەیەک بەرامبەر چامپیۆنزلیگ رادەوەستێت، ریال مەدرید باش بێت یان خراپ.. کێشەی هەبێت یان نا، کاتێک باسی چامپیۆنزلیگ کرا، هەمووان دەستلەسەر سینگ بۆی رادەوەستن و دانبەوەدا دەنێن کە مەرجی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، بردنەوەیە لەو، لە ریال مەدرید.
 
مێرەنگێ، سەرکێشییەکانی خۆی لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ درێژە پێدەدات، ئەمجارە چاوی لە بڕینی هەنگاوی بەر لە کۆتاییە، هەنگاوێک کە دەکرێ بیگەیەنێتەوە بە یاریی کۆتایی و خەیاڵەکانی تیپەکە بباتە ئیستەنبووڵ.
 
دوای لەدەستدانی لالیگا و پێشان نەدانی توانایەکی بەرچاو بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی ئەو خولە. پاشئەوەی چاوەڕوانییە نۆساڵییەکەی لەبەردەم نازناوی جامی شادا کۆتایی هات، ریال مەدرید دەیەوێت کۆتاییەکی وەرزی جوانتر لە جوانی هەبێت و جارێکی دیکە دووپاتی بکاتەوە، چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتیی خۆیەتی و دەبێ هەر بەناوی خۆیەوە بێت.
 
ئەرکی پێشکۆتایی ریال مەدرید، ئەرکێکی ئاسان نییە.. ئەرکێکە بەرامبەر تیپێک کە هەمووان پێیانوایە ئێستا کامڵترینی ئەوروپایە و ئەو چەکانەی چەندین ساڵە بۆ سەرکەوتن کۆیان دەکاتەوە، ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئامادەن، تاوەکو تیپەکە ببەنە سەر سەکۆی نازناوە ئەوروپییەکە.
 
تۆنی کرووس، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، دەڵێت "پێپ بیرۆکەی تایبەتی خۆی هەیە لەبارەی تۆپی پێوە و ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەو تیپانەدا پێشانداوە کە کاری لەگەڵدا کردوون، هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئەمە تیپی پێپە. ئەو و یانەکەی بەدوای باشترکردنی هەموو شتدا دەگەڕێن، نەک تەنیا لەسەر یاریگە، بەڵکو لە گرێبەستەکانیشیاندا. روونە کە هالاند کەسێکی دیکەیە. ئەو چەند گۆڵی کردووە ئەمساڵ؟ 51 گۆڵ، پێموایە کار لەمە باشتر نابێت".
 
لەگەڵ هەموو دەرکەوتنەوەیەکی ریال مەدرید، لەسەرئاستی ناوخۆ و ئەوروپاشدا، هەمووان هەمان پرسیار لە مێشکیاندا سەرهەڵدەداتەوە، ئەوەی بەرامبەر بەهرەمەتدترینی ئەو تیپە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆرە روودەدات، چییە؟ ڤینی یاری بۆ یاریی باشتر و مەترسیدارتر دەردەکەوێت، بەڵام بەردەوامیش کێشە گەورەکە، ئاوازە خراپە و پڕ لە هەڵبەز و دابەزەکەی ئەوە.
 
تۆنی کرووس، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، سەبارەت بە یارییەکە دەڵێت "ئەو هەندێکجار دەمدەمییە، ئەمەش شتێکی سرووشییە هەندێکجار، چونکە بڕیاری ناوبژیوانەکانیش هاوکاریی ناکەن. بەڵام ئەو دەبێ فێری ئەوە بێت کە بۆ 10 تاوەکو 15 ساڵی داهاتوو لەگەڵ ئەو دۆخەدا بژی. ئەو پێویستی بەدۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ دانبەخۆداگرتن لەو کاتانەدا کە رووبەڕووی هەندێک هەڵویست دەبێتەوە، ئەو نابێ بیرکردنەوەی خۆی لەدەست بدات. دەکرێ باشتر ببێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە ئەو پێویستی بەپاراستنی زیاتر هەیە لە کاتی یارییەکاندا".
 
ریال مەدرید کە بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە تواناکانی میلیتاو بەهۆی راگرتن و فێرلان مێندی، بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، پێویستی بە پێشاندانی ئاستێکی هاوسەنگ و هەوڵدان بۆ هاتنە دەرەوەیە لە یاریگە بە کەمترین زیان و زۆرترین دەستکەوتەوە، چونکە یاریی گەڕانەوە لە نێو یاریگەی ئیتیحاد، ئەو گۆڕەپانە دەبێت کە تێیدا سیتی، جەنگی مان و نەمانی تێدا ئەنجامدەدات.