بێرناردۆ سێلڤا چ داوایەکی لە سەرۆکی ریال مەدرید کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بێرناردۆ سێلڤا، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، داوای چوون و یاریکردن بۆ یانەی ریال مەدریدی کردووە.
 
ئەمشەو هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەیەکدەگەن.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێ، بێرناردۆ سێلڤا، یاریزانی ناوەڕاستی سیتی، وەرزی رابردوو بەر لە بەیەکگەیشتنی هەردوو یانە لە هەمان قۆناخی چامپیۆنزلیگدا، داوای یارییکردن بۆ ریال مەدریدی کردووە.
 
بەپێی رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی، سێلڤا بەر لە یارییەکەی وەرزی رابردوو، بەیەکێک لە یاریزانانی ریال مەدرید گوتووە، "بەسەرۆکی یانەکەت بڵێ گرێبەستم لەگەڵدا بکات، من دەمەوێت لە ریال یاریی بکەم".
 
رۆژنامەکە بێئەوەی ناوی یاریزانەکەی ریال مەدرید بهێنێت، دەڵێ، یاریزانەکە پەیامەکەی سێلڤای گەیاندووەتە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید.
 
روونیکردووەتەوە، وەڵامی سەرۆکی ریال مەدرید ئەوەبووە کە پێزانینی هەیە بۆ ویستی ئەو یاریزانە، بەڵام ئەوان بیر لەو دەستەوارەیە ناکەنەوە، چونکە یاریزانەکە تەمەنی 28 ساڵە و نرخەکەی لە نێوان 70 تاوەکو 80 ملیۆن یۆرۆدایە.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، سەرۆکی یانەی شاهانە گوتوویەتی، ریال مەدرید پێشینەی بۆ گرێبەستکردنە لەگەڵ یاریزانە لاوەکان.
 
'مارکا' دەڵێ، سێلڤا ماوەیەکی بەرچاوە هەوڵی هاتنە دەرەوە لە مانچێستەر ستی و ئەنجامدانی ئەزموونێکی نوێ دەکاتەوە، هەربۆیە لە ماوەی رابردوودا خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی سێلڤا پێشنیازی ئەو یاریزانەی بۆ یانەکانی وەک بارسێلۆنا و بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان کردووە.