دەستەی لالیگا مەرجێکی ئاسانی بۆ گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا هەیە

09-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، دەستەی لالیگا گڵۆپی سەوزی بۆ کارگێڕی بارسێلۆنا هەڵکردووە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە، لیۆنێل مێسی.
 
بەگوێرەی کەناڵی تیڤی 3ـی کەتەلۆنی، خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو پێشنیازە هەڵکردووە کە کارگێڕیی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی مێسی پێشکێشیان کردبوو.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، بۆ گەڕانەوەی مێسی دەبێت بارسا لانیکەم بایی 100 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشێت، کارگێڕیی بارساش پێیوایە کە ئەمە دەکرێت بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هیچ کام لە ئەستێرەکانی تیپەکە بێت، چونکە دەتوانرێت تەنیا بە فرۆشتنی فاتی و رافینیا زیاتر لەو بڕە پارەیە بەدەستبێنێت کە پێویستە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مێسی مووچەی 25 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەو پێیەی ناتوانێت لەوە زیاتر بەدەستبهێنێت، بەهۆی یاسای دارایی یاریی خاوێن.
 
لە کاتێکدا کە زۆر لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکن کە لیۆنێل مێسی نیازی هەیە بچێتە خولی سعودیە، ئەو کەناڵە کەتەلۆنییە دووپاتیدەکاتەوە کە مێسی نایەوێت لە سعودیە کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆی بهێنێت، مەگەر گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی بلاوگرانا سەرکەوتوو نەبێت.
 
زۆربەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مێسی نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، ئەگەرچی بەرپرسانی یانەکە خوازیارن مێسی بهێڵنەوە، بەڵام پێناچێت لیۆ بە داواکاری ئەوان رازی بێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی مێسی گەشتی سعودیەی کرد و یانەی پاریس بڕیاریدا سزای بدات، گوایە بەبێ مۆڵەتی یانەکە رۆیشتووە. دواتر مێسی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی کرد.
 
دواتر رۆژنامەی لۆ پاریسیان، پشتڕاستی کردەوە کە داوای لێبوردنەکەی مێسی، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، لەلایەن کارگێڕیی پاریسەوە زۆر بەرز نرخێندراوە، بۆیە بڕیاردرا سزای سڕکردنی مێسی کەمبکرێتەوە. بۆیە مێسی دوێنێ دووشەممە، بەتەنیا لە یاریگەی مەشقەکانی پاریس سانجێرمان مەشقی کرد، چونکە هاوڕێکانی پشوویان وەرگرتبوو، ئەمڕۆش بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا دەکات.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسیش، لەو بارەیەوە رایگەیاند، داوای لێبوردنەکەی لیۆ بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو و بەرپرسانی یانە پاریسییەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە