بەر لە یارییەکەی سیتی، سەرۆکی ریال مەدرید تووڕە بووە

09-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەکەی و مانچێستەر سیتی، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەستی بەتووڕەیی زۆر کردووە.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێرێز بڵاوبووەتەوە کە تێیدا پێرێز زۆر تووڕە دەردەکەوێت، کاتێک لە ئێوارەخوانی تایبەت لەگەڵ لویس رۆبیالیس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دێتە دەرەوە.
 
پێرێز تەنانەت لە دوای ئێوارەخوانەکە، ئامادەنییە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیش بداتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، تووڕەبوونەکەی سەرۆکی ریال مەدرید، پەیوەندی بە یارییەکەی مانچێستەر سیتییەوە هەبووە.
 
سیتی ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، دەبێتە میوانی ریال مەدرید، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، پێرێز تەنیا لە رۆبیالیسی سەرۆکی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تووڕە بووە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو سەرۆک یانەیە، پێیوایە رۆبیالیس دۆخی ریال مەدریدی لە چامپیۆنزلیگدا لەبەرچاو نەگرتووە.
 
ریال مەدرید شەممەی رابردوو، یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیای بەرامبەر ئۆسەسۆنا ئەنجامدا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا. میدیاکان دەڵێن، پێرێز پێشتر داوایکردبوو بەلەبەرچاوگرتنی یاریی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی، کە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت، داوای کردبوو، یاریی کۆتایی جامی شا، لەبری شەممە، هەینی ئەنجام بدرێت، بەڵام رۆبیالیس داواکەی رەتکردبووەوە.
 
سەرۆکی ریال مەدرید، پێیوایە لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی یانەکە، زیانی بە تیپەکە گەیاندووە، چونکە یاریزانەکانی رۆژێک کەمتر پشوویان وەرگرتووە، بەرلەوەی بەرامبەر سیتی یاریی بکەن.
 
بەپێچەوانەی ریال مەدریدەوە، مانچێستەر سیتی، توانی وادەی ئەنجامدانی دوا یاریی خۆی لە پرێمەرلیگ، بۆ ماوەی شەش کاژێر پێش بخات و ئەوەش وایکردووە، یاریزانەکانی بەر لە یارییەکەی ریال مەدرید، پشووی زیاتر وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە