ڤیدیۆ؛ دوای یارییەکەی ریال مەدرید و مان سیتی چی روویدا؟

10-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی
ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید مانچێستەر سیتی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی چوونی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەیەکسانبوون کۆتاییهات و یاریی گەڕانەوە سەرکەوتوو بۆ یاریی کۆتایی یەکلادەکاتەوە.
 
یارییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، مانچێستەر سیتی بە هێرشبردن و گوشارخستنە سەر گۆڵی ریال مەدرید دەستی بە یارییەکە کرد، بەڵام دوای لەدەستدانی چەند هەلێک، لە هەلێکدا ڤینیسیۆس جونیۆر دەرکەوت و لە دەرەوەی ناوچەی سزا بەلێدانێکی بەهێز تۆڕی یانە ئینگلیزییەکەی هەژاند، ریال مەدریدی بە گۆڵێک پێشخست و ژمارەی گۆڵەکانی خۆیشی لەم وەرزەدا، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ 23 گۆڵ بەرزکردەوە.
 
جگە لەوەش یاریزانەکە 11 یاریی لەسەریەکە لە چامپیۆنزلیگدا بەشداری لە گۆڵدا دەکات و ریکۆردی کریستیانۆ رۆناڵدۆی یەکسانکردەوە، بەو گۆڵەشی کە ئەمشەو تۆماریکرد بووە خاوەنی 15 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ و لەگەڵ رۆدریگۆ گوس و رۆناڵدۆ دێلیما یەکسانبووەوە.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا مانچێستەر سیتی بە ئامانجی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و ریال مەدریدیش بۆ پاراستنی پێشکەوتنیان یارییدەکرد، بەڵام مان سیتی لە گەیشتن بە ئامانجەکەی سەرکەوتووتربوو و کیڤن دیبرۆین بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
دیبرۆین بە تۆمارکردنی ئەم گۆڵە، بووە خاوەنی 14 گۆڵ لە چامیپۆنزلیگدا و لەگەڵ زینەدین زیدان، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا یەکسانبووەوە، جگە لەوەش یەکەم یاریزانی مانچێستەر سیتییە لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی چامپیۆنزلیگدا 11 گۆڵی تۆمارکردبێت.
 
یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، کیڤن دیبرۆین بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، رۆژی 17ـی ئەم مانگە یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی ئیتیحاد لە مانچێستەر بەڕێوەدەچێت و ئەو یانەیەی دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە یەکلادەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە