بارسێلۆنا نزیکە لە بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرەیەکی سێریا ئەی

09-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا فابیان رویز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لەسەر داوای چاڤی هیرناندێزی راهێنەری نزیکە لە بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرەیەکی خولی ئیتاڵی، کە چەندین ساڵە ئامانجی یانە کەتەلۆنییەکەیە.
 
بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، فابیان رویزی یاریزانی ئیسپانیی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی نزیک بووتەوە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی نوێبکاتەوە و یانە ئیتاڵییەکەش ناچارە بیفرۆشێت.
 
ناپۆلی ناچارە دەستبەرداری فابیان رویز ببێت بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر نەچێتە بارسا، بەو پێیەی ماوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2023 کۆتایی دێت و یاریزانەکە نایەوێت نوێی بکاتەوە.
 
ئەو یاریزانە ئیسپانییە، کە تەمەنی 26 ساڵە، لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ ناپۆلی پێشکێشکردووە و باشترین یاریزانی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا بووە، کە خاوەنی 7 گۆڵ و 4 ئاسیستە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی ناپۆلی ئاشکرایکردووە کە نزیکەی دوو ساڵە بەرپرسانی یانەکە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی رویزەوە هیچ قسەیەکیان لەگەڵ یاریزانەکە نەکردووە و دەڵێت "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناپۆلی دەستبەرداری رویز دەبێت، بۆ ئەوەی ناچار نەبێت هاوینی داهاتوو بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری ببێت".
 
ماوەی چەند مانگێکە چەندین یانە داوای گرێبەست لە یاریزانەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکەن، لەوانەش یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی، بەڵام وادیارە یاریزانەکە دەیەوێت بچێتە بارسێلۆنا، بەتایبەتیش کە چاڤی متمانەیەکی زۆری بە تواناکانی هەیە و دەیەوێت بیکاتە یاریزانێکی سەرەکی تیپەکەی.
 
پێشتریش بلاوگرانا هەوڵیداوە گرێبەست لەگەڵ فابیان رویز بکات، بەڵام هەمیشە بەو نرخەی ناپۆلی لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یاریزانەکەی داویکردووە، تووشی شۆک بووە، چونکە هیچ جارێک لە 60 ملیۆن یۆرۆ کەمتر داوای نەکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە