ڤیدیۆ؛ میلان بە 4 خاڵی دیکە دەبێتە پاڵەوانی سێریا ئەی

09-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
میلان
میلان
نیشانەکردن میلان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی میلان بردنەوەیەکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمارکرد و بە 4 خاڵی دیکە دەبێتە پاڵەوانی ئیتاڵیا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی سێریا ئەی، یانەی میلان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هێلاس ڤیرۆنا یارییکرد و دواکەوتنی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بۆ سەرکەوتن بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک گۆڕی و گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی سێریا ئەی.
 
لەسەرەتای یارییەکەدا میلان گوشاری زۆری کردە سەر گۆڵی خاوەن یاریگە، بەڵام لە هێرشێکی پێچەوانەدا لە خولەکی 38 داڤید فاراونی گۆڵێکی بۆ هێلاس ڤیرۆنا تۆمارکرد، پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە چەند چرکەیەک ساندرۆ تۆنالی ئەنجامەکەی بۆ رۆسۆنێری یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم کۆتاییهات.
 
لەسەرەتای نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 50 رافایێل لیاو بەخێرایەکی زۆر خۆی گەیاندە نێو ناوچەی سزا و تۆپێکی دایە تۆنالی، ئەویش گۆڵی دووەمی خۆی و میلانی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و رۆژی لەدایکبوونی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ پیرۆزکرد.
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا ستیفانۆ پیۆلی بەشداریی بە ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی کرد، دوای تەنیا خولەکێک لە هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە، یاریزانەکە بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی سێیەمی بۆ لۆمباردییەکان تۆمارکرد و میلان یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە میلان گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی سێریا ئەی، دوو یاریی داهاتووی بەرامبەر ئاتالانتا و ساسۆلۆیە و لەو دوو یارییەدا پێویستی بە 4 خاڵ هەیە، بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی سێریا ئەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە و دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە ببێتەوە پاڵەوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە